فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بە بۆنەی ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ
سێشەممە ۱۸-۰۹-۱۴۰۴   |  09-12-2025

١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە. ٧٧ ساڵ لەمەوبەر لە ١٠ی دێسامبری ١٩٤٨دا، “جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ” وەک بەڵگەنامەیەکی جیهانی و “پێویست بۆ جێبەجێکردن”، لەلایەن کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا. مافی مرۆڤ دەستەواژەیەکە کە پێشتریش بۆ خەڵکی جیهان ئاشنا بوو، بەڵام بیرۆکەی گۆڕینی بۆ جاڕنامەیەکی نووسراو و پەسەندکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جیهانیدا، دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە و بە دەنگی زۆرینەی دەوڵەتانی ئەندامی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.

ناوەرۆکی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ سەرەڕای ماهییەت و بەربەستەکانی، بەرهەمی خەباتی کرێکاران و ئازادیخوازانی جیهانە. هه‌ر هه‌نگاوێكی پاشه‌كشه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رامبه‌ر مافه‌‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گونجێندراو له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا، به‌ خه‌بات و فیداكاری به‌رده‌وام هاتووه‌ته‌ دی و بورژوازی جیهانی سه‌ره‌نجام ناچار بووه‌ به‌ هاوئاهه‌نگ كردنی ئه‌و خواستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی، له‌ مێژوودا به‌ناوی خۆی تۆماری بكات. ئەم جاڕنامەیە ئەگەرچی بناغەی سەرەکیی نیزامی سەرمایەداری ناباتە ژێر پرسیارەوە و ڕێز لە ئەساسی خاوەندارییەتیی تایبەت و چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ دەگرێت، بەڵام هەر لەم ئاستەشدا دەستکەوتی خەباتی مرۆڤەکانە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی لەم سەردەمەدا و هێستاش لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریش بۆ بەکردەوە دەرهاتنی هەمەلایەنەی، پێویستە خەبات بکرێت. ئەگەر ڕۆژگارێک بیروبۆچوونی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە کارەساتەکانی شەڕەوە سەرچاوەی گرتبوو و دژبە شەڕ بوو و دەیهەویست حورمەتی مرۆڤ و مافی مرۆڤ وەبیربێنێتەوە و لە دووپات بوونەوەی پێشێلکردنیان ڕێگری بکات، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕۆژانی پەسندکردنی ئەم جاڕنامە جیهانییەوە، لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە ناورۆکەکەی پێشێلکرا و مافی سەرەتایی گونجێدندراو لەم ڕاگەیەندراوەدا لە لایەن ئەو دەسەڵاتانەی کە واژۆیان کردبوو لە باروودۆخی شەڕ و غەیرە شەڕدا ژێر پێ خرا.

٧٧ ساڵ لەمەوبەر، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لەسەر وێرانەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم ئامادەکرا تا بەناو پێوەرێکی جیهانی پێکبێت کە بێحورمەتی بە مافی ئینسانەکان تەحەمول نەکات. لەئێستادا کە پتر لە ٧٧ ساڵ بەسەر شەڕی جیهانی دووهەم و پەسەندکرانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا تێپەڕ بووە، ڕەنگبێ نەکرێ شایەدێکی زیندوو لە شەڕ و نەهامەتییەکانی ئەو سەردەم بدۆزینەوە، بەڵام جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە نەتەوەی فەلەستین لە غەززە و لەناوبردنی هەموو ژێرخانێکی ئابووری و تەندروستی و فەرهەنگی و قڕکردنی منداڵانی ئەم کەرتە بە پشتیوانیی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئاڵمان و چەند دەوڵەتی ئورووپایی دیکە لەبەر چاوی هەموو خەڵکی جیهان ئەوپەڕی دووڕوویی ئەم داکۆکیکارە درۆینانەی مافی مرۆڤی نیشان دا. هەروەها لاوانی سووریە، عێراق، یەمەن، لیبی، ئەفغانستان، بووسنی، ڕەواندا، سوودان و شوێنەکانی تر، ئەو شایەدە زیندووانەن کە پێمان دەڵێن بە فەرمانی دەوڵەتانی واژۆکاری جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، چییان بەسەر هاتووە و شار و وڵاتیان چۆن بە بۆمب و گولـله وێران کراوە و چۆن برا و خوشک و دۆستانیان لە پەنایانەوە خەڵتانی خوێن کراون. هێستا لە زۆرێک لە وڵاتان، بەئاشکرا سەرەتاییترین مافەکانی ئینسان کە مافی ژیانە، پێشێل دەکرێت. پێشێلكردنی مافی ئینسانه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی قاتی و برسییەتی و نه‌خۆشیی په‌ره‌ستێن و بازرگانی سێكس و قاچاخی مادده‌ی هۆشبه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤیشدا ئاماژه‌یه‌كی پێنه‌كراوه‌. سەرەڕای بوونی ئەم جاڕنامە نێونەتەوەییە، لە زۆر شوێنی جیهان ژنان لەژێر گوشاری پیاوسالاریدا نەتەنیا لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بەهرەمەند نین، بەڵکوو هەموو ڕۆژێ دەبنە قوربانیی توندوتیژی. ژنانی کرێکار لەبری کاری یەکسان حەقدەستی یەکسانیان پێنادرێت. لە هێندێک ڵە وڵاتە مسوڵمان نشینەکان، ژن بەڕەسمی ڕەگەزی خواردەست بەئەژمار دێت. هێستا منداڵ بە مرۆڤی کامڵ ناناسرێت و گشت مافەکانی لەبەرچاو ناگیرێن، هێستا نەتەوەکان لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەهرەمەند نین، سزای ئێعدام لە زۆر وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت، هێستا دینداری و بێ دینی ئینسانەکان پێوەری هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتەکانە، هێستاش هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەشکەنجە لە وڵاتەکاندا پاساوی یاسایی هەیە و هێستاش ئازادیی ڕادەربڕین لەژێر تیغی سانسۆڕ دایە.

لە ئێران پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری ساڵڕۆژی پەسەندکرانی بەڵگەنامەی مافی مرۆڤ لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەروا درێژە بە ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و شەپۆلی لەسێدارەدان دەدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کوشتن و ئێعدامە بێ دادگاییەکان لە کاتی پەلامار بۆ سەر شارەکانی کوردستان لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨، کوشتار لە تورکەمەن سەحرا، کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە مانگەکانی کۆتایی هاوینی شەست و حەوت، قەتڵە زنجیرەییەکان لە پاییزی حەفتا و حەوت، دەسڕێژکردن لە کرێکارانی خاتوون ئاباد، کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتییەکانی ٨٨، کوشتنی دەیان کەس لە ڕەوتی ڕاپەڕینی بەفرانباری ٩٦، کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنج سەد کەس لە خەزەڵوەری ٩٨ و کوشتاری زیاتر لە شەش سەد کەس لە خۆپیشاندەران لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینای لە کارنامەی ڕەشی خۆیدا هەیە. هەر ئێستا لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا، هەزاران مرۆڤی شەریف بەهۆی ئەندێشە و ڕێباز و بیروباوەڕیانەوە لە سیاچاڵەکاندا بەند کراون و لە کەمترین مافی ئینسانی بێبەشن و تارمایی مەرگ بەسەر سەری زۆربەیاندا دەسووڕێتەوە. ئەشکەنجە لە زیندانەکان و شەللاق لێدان لە بەرچاوی خەڵک، بووەتە بابەتێکی ئاسایی. کۆماری ئیسلامی بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا بە خۆی تەرخان کردووە. لەم وڵاتەدا نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی حاکمە، ژن بەپێی یاسا بە نیوەی پیاو هەژمار دەکرێت و ستەمی نەتەوەیی و مەزهەبی ڕەسمییەتی یاسایی هەیە.

پێوه‌ری پاراستن و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پێویسته‌ به‌ پێی یه‌كسانی ئینسانه‌كان و به‌هره‌مه‌ند بوونیان له‌ سه‌مه‌ری‌ ئینسانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌رئاورد بكرێت. كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری به‌ پێی جه‌وهه‌ر و ماهییه‌ته‌كه‌ی، كه‌ له‌سه‌ر جیاوازیی چینایه‌تی دامه‌زراوه‌، ناتوانێ داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤ بێت. مافی مرۆڤ ته‌نیا كاتێك به‌ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه‌ جیاوازی چینایه‌تی له‌ناو چووبێت و ئینسانه‌كان ئه‌و ئیمكانه‌یان بۆ خوڵقابێت كه‌ له‌ ئاسایشی ته‌واودا، به‌ یه‌كسانی بژین. دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به‌ده‌ستی ئینسان دامه‌زراوه‌ و ئامانجی به‌رهه‌مهێنان نه‌ك دابین كردنی پێداویستیی ئینسانه‌كان، به‌ڵكوو قازانجی زیاتره‌، وه‌دی نایەت‌. ته‌نیا كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستیه‌. بۆ دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ تێیدا مافی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، پێویسته‌ به‌رده‌وام خه‌بات درێژه‌ی بێت. به‌ڵام تا ئه‌وكات كه‌ كۆمه‌ڵی ئینسان به‌ ته‌واوی له‌ سه‌رمایه‌داری ڕزگاری ده‌بێت، له‌به‌رچاوگرتنی مافی سه‌ره‌تایی ئینسان كه‌ به‌شێكی له‌ “جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ” دایه‌، پێویسته‌ به‌ ڕه‌سمیه‌ت بناسرێت و به‌كرده‌وه‌ ده‌ربێت. بەڵام جاڕنامەی مافی مرۆڤ بەلەبەرچاوگرتنی بەربەستەکانی، بەسەرەنجدان بە ماهییەتە بورژوازییەکەی ناتوانێ ئاڵای خەبات دژبەم بێمافییانە بێت. خەبات دژبە توندوتیژیی دەوڵەت بەرانبەر ئینسانەکان، خەبات بۆ جیایی مەزهەب لە دەوڵەت و دژبە دەخاڵەتی مەزهەب لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکان، لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و لە وەها لێکدانەوەیەکی سنووردار لە مافی ئینسان، بانترە.

ئێستا کە بەشێک لە تەمرین و هەوڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران بۆ ئاڵترناتیڤسازی لەژێر ناوی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی” تەرخان کراوە، پێویستە کرێکاران و خەڵکی ئێران ئەوە بزانن کە لە سایەی دەسەڵاتی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژواکانیشدا، دۆخی مافی مرۆڤ هیچ باشتر نابێت لەو چارەنووسەی کە لەژێر دەسەڵاتی سەرانی دووڕووی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئورووپادا بەسەری هاتووە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv