موبین فەیزی منداڵی ١٧ ساڵ تەمەنی خەڵکی کامیاران کە لە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لەسەری بەسەختی بریندار بوو، گەرچی لەمردن ڕزگاری بوو، بەڵام توانایی جوڵاندنی دەست و پێی ڕاستی نەماوە.دوای گواستنەوەی ئەم منداڵە بۆ نەخۆشخانەی سینای کامیاران، ناوبراو بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە بە شێوەی ئۆرژانسی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کرا. دوای ئەوەی پزیشکەکان لێکۆڵینەوەیان لە بارودۆخی ئەم منداڵە کرد، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی کوشتن چەکیان ناوەتە سەر سەری و تەقەیان لێ کردووە. بە وتەی پزیشکەکان، بە هۆی بەرگریکردنی ئەم منداڵەوە لە کاتی دەسڕێژەکەدا نزیکەی ٤ ساچمە بەر سەری کەوتووە و کاسەی سەری لە لای چەپەوە شکاوە.لە کۆتاییدا پزیشکەکان، پاش دووجار نەشتەرگەری و لەژێر چاوەدێری دانانی موبین بۆ ماوەی دوو حەوتوو، گەرچی لەمردن ڕزگار بووە بەڵام ئەم منداڵە دەستی ڕاستی هێزی تیانەماوە و پێی ڕاستیشی زۆر بەگرانی دەتوانێ تۆزقاڵێ بیجوڵێنێ.