سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی “ڕەئووف شیخمەعرووفی”، “کامران سوڵتانی” و “محەممەد فەرەجی” کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بە “افساد فی الارض” تۆمەتبار کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ کەسە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەی دیاریکراو لە ماوەی ١٠ مانگ دەستبەسەرکرانی کاتیدا بێبەری کراون، بە “افساد فی الارض” تۆمەتبار کراون و تۆمەتەکەیان پێ ڕاگەیەندراوە و هەڕەشەی لە سێدارەدانیان لێ کراوە. شایانی باسە، ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان دژایەتییان لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئەو سێ هاووڵاتییە کردووە و پێشیان بە دیاریکردنی بارمتەش گرتووە.
ئەو سێ هاووڵاتییە پاش دەستبەسەرکران، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتی “بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان” لە شاری بۆکان، ئەو سێ هاووڵاتییەیان، ئازار و ئەشکەنجەی توندی ڕۆحی و ڕەوانی دابوو. جێگای ئاماژەیە، ڕەئووف شێخمەعرووفی، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١، محەممەد فەرەجی ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ و کامران سوڵتانی ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران و هەتا ئێستا بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارەدا دەستبەسەرن.