خوازەنامەی پەروەندەی دوو برای خەڵکی شنۆ بەناوەکانی “فەرهاد تەهازادە” تەمەن ٢٤ ساڵ و “فەرزاد تەهازادە” تەمەن ٢٣ ساڵ، لەگەڵ “کاروان شاهی پەروانە” دەرکراوە و پەروەندەکانیان بۆ لقی سێی دادگای ڕژیم لە ورمێ نێردراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەرکرانی خوازەنامەی ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتێکدایە، کە لەم دواییانەدا لە لایەن لقی شەشی لێپرسینەوەی دادگای گشتی ورمێ تۆمەتی “موحاڕەبە و افساد فی الارض”یان بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە، مەسعوود شەمس نژاد و ساڵح نیکبەخت، پارێزەرانی “فەرهاد و فەرزاد تەهازادە”، تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا توانیویانە دەستیان بە پەروەندەی ئەم دوو برایە بگات. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، “فەرهاد و فەرزاد تەهازادە”، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە پەیوەند لەگەڵ خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی شاری شنۆ دەستبەسەر کرابوون. هەراوەها “کاروان شاهی پەروانە”، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداڕانەوە ڕفێندرابوو و لە ئێستادا لە زیندان دایە.