فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تاولەرزی حکوومەتی ئیسلامی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا
چوارشەممە ۱۵-۰۶-۱۴۰۲   |  06-09-2023

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژیناداین. ئاخێزێک کە سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی و دوورکەوتنەوەی لە ناڕەزایەتی و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی سەر شەقام هێستاش بەشێوەی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێی کرێکاران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی و ئیعتڕازاتی خوێندکاران و خۆڕاگریی بوێرانەی ژنان بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری هەروا درێژەی هەیە و هەتا ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە ڕاناوەستێ.

ئەم سیاسەتەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لەحاڵێکدایە کە کوشتاری ناڕازییان لەسەر شەقام و لە ئەشکەنجەخانەکان، شەپۆلی ئێعدامی بەندکراوان، هێرشی کیمیایی زنجیرەیی بۆسەر مەدرەسەکان، هێرشی سازماندراو بۆسەر زانکۆکان و تەهاجومی هەمەلایەنە بۆسەر ژنانی بێ حیجاب لە سەرانسەری ئێران، کۆمەڵگای چاوترسێن نەکردووە. سەرەڕای پەرەپێدانی سەرکوت، شایەدی حزووری کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، و باقی توێژەکانی کۆمەڵگا لەسەر شەقام و لە کارخانە و لە زانکۆ و شوێنی کارین کە لێبڕاوانە لەسەر درێژەی خەبات تا وەدیهاتنی خواستەکانیان پێداگری دەکەن. ئەم ئیعتڕازاتە نیشانەی ئەو واقعیەتەیە کە بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا لەگەڵ بزووتنەوەی ئێستا کە لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا(مەهسا) ئەمینی پایەکانی ئەم ڕژیمەی خستووەتە لەرزە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەیوەند دەخوات.

ڕژیمی ئیسلامی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ئاخێزی ژینادا هەموو توانای سەرکوتی خۆی بەکارهێناوە. “یاسای حیجاب”، کە قەرارە ژنانی پێ بە دیل بگرن، لە ئاکامی خۆڕاگری و موقاومەتی بوێرانەی ژنان، بووەتە تەنافێک لە گەردنی کۆماری ئیسلامیدا. ژنان بە خەباتی سەنگەر بە سەنگەری خۆیان نەتەنها نەبوونەتە هێمای ژنی مسوڵمان بۆ ڕژیم، بەڵکوو بۆ ناوچەکە و جیهانیش بوونەتە هێمای ژنی ڕزگاریبەخش و بوونەتە سەمبۆلی بوێری و ئازایەتی. ژنان خەباکارانە و بوێرانە بەرانبەر بە هەموو یاساکانی کۆنەپەرستانە و گوشارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاون و تەسلیمی حیجابی ئیجباری نابن. ژنانی بێ حیجاب بە حزووریان لە شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان بەرەو نەمانی یەکجاریی حیجابی ئیحباری و جەهل و خورافەی دەسەڵاتی ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرن.

هێرشی بەکرێگیراوان و بەسیجییەکان بۆسەر ژنان لەسەر شەقام، لە مێترۆ و دووکانەکان، هێرشی لیباس شەخسییەکان بۆسەر گەشتیاران، سەرکوت و بێبەریکردنی خوێندکاران لە زانکۆکان، دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان، هەراوهەوریای تەبلیغاتی سەبارەت بە لایەحەی “حیجاب و عیفاف” و هەڕەشەی سەرانی ڕژیم لە میدیاکان، هەر هەموویان لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی سەرانسەریی ژینادا، نیشانەی دەست و پێ لێدان و تەقەلای حکوومەتێکە کە دەسەڵاتەکەی یەکجار لە مەترسیدا دەبینێت.

لە ساڵڕۆژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بارودۆخی دژواری گوزەران و مەعیشەت، هەژاری و گرانیی بەرین، کەمبوونی ئاو و بەرق و بێنزین و شەپۆلی بێکاری، بەجۆرێک گوشاری خستووەتە سەر جەماوری کرێکار و زەحمەتکێش، کە چیتر سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم ناتوانێ بەر بە ناڕەزایەتی و ئیعتڕازیان بگرێ. ئەم هەلومەرجە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا زیاتر لە ڕابردوو بەرەو بەرەنگاربوونەوەی چارەنووسساز دژبە ڕژیم دەبات. بەتایبەت ئەوەیکە کۆمەڵگای ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر سیاسی بووەتەوە و ناڕەزایەتی و ئیعتڕاز بەرانبەربە شێوازی جۆراوجۆری ستەم و بێمافی بەجۆرێک بووەتە کلتووری گشتیی کۆمەڵگا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای پەرەپێدانی سەرکوت ناتوانێ ئەم بارودۆخە بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە. ئەم واقعیەتانە و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتیی جەماوەری و ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، نیشانەی ئەوەیە کە تۆفانی ژێروژوورکەر بەڕێوەیە. ترسی سەرهەڵدانی ئەم ئاخێزانە خەوی لە چاوی سەرانی ڕژیم تاراندووە. پەرەپێدانی سیاسەتی سەرکوتی ڕژیم، هێرشێکی بەرگرانە و کردەوەیەکی داماوانەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەستانی ئەو تۆفانانەی کە بەڕێگەوەن.

لە وەها بارودۆخێکدا و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، کرێکاران و ژنانی ئازادیخواز و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ڕێگایەکیان بێجگەلە درێژەدان بە خەبات و پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتن و سازماندان نییە. بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران پێویستە ڕیزەکانی خۆمان ڕێکخراوتر بکەین و بە هێزێکی بەتواناتر و بەرینتر لە دوژمن بێینە مەیدان. هەروەها ئەرکی چالاکانی هەموو بزووتنەوەی پێشڕەو و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگایە کە کرێکاران و جەماوەری بێبەش لەئاستی بەریندا سازمان بدەن، پێداویستییەکانی پێشڕەوی و هاوپشتیی ناڕەزایەتی و مانگرتنی ڕۆژانەی کرێکاران و جەماوەری خەڵک دژبە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران دابین بکەن و ئاسۆیەکی ڕوون بخەنە بەردەم ئەم خەباتە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co