ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە تا ئێستا لە ڕاپەڕینی خەلکی ئێران دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ٤٧٠ کەس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیان بەختکردووە، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە هەڵوێستی بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەبێت.
ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها ڕایگەیاند؛ کە بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا ٦٣ منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ساڵ و ٢٩ ژن بەدەستی هێزەکانی ڕژیم و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانیان بەخت کردووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئاماژە بە دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٧ هەزار کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی خەڵکی ئێران، ڕوو بە کۆمەڵگای جیهانی وتوویەتی، لە ئێستادا لە دادگاکانی ڕژیمی ئیسلامی خەڵکی دەسبەسەرکراو بە تۆمەتی (موحاربە) دادگایی دەکەن و سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنن کە ئەو تۆمەتانە و ئەو جۆرە دادگاییانە پێشێلکردنی هەموو یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤە، بۆیە کۆمەڵگای جیهانی دەبێ ڕێکارێک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵە مەترسیدارەکانی ڕژیمی جینایەتکاری ئیسلامی، سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی لاوان و گەنجانی خەڵکی ئێران بگرێتە بەر.