فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

توندبوونەوەی کێبەرکێی هێزە ئیمپریالیستەکان
چوارشەممە ۲۹-۱۰-۱۴۰۰   |  19-01-2022

ئێستا ئیتر دەمێکە هەمووان باس لە شەڕی ساردی نوێ دەکەن. ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە ساردە واتە ئەمریکا، ئەورووپا، ڕووسیە و چین بەئاشکرا لە بەرامبەر یەکتردا بەڕیز بوون و ئەم شەڕە لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش دەبەن. لە شەڕی بازرگانییەوە تا گەمارۆی ئابووری، لە واژۆی ڕێکەوتننامە لەگەڵ هاوپەیمانان و ڕاگەیاندنی پەیمانی نوێ تا شەڕی میدیایی، تا ئامادەباشی نیزامی، لە وتووێژی بایدێن و پووتینەوە تا کۆبوونەوەی تایبەتی پەیمانی ناتۆ، لە چڕبوونەوەی هێزی نیزامیی ڕووسیە لە سنووری ئۆکراین تا مانۆڕی نیزامیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەی پاسیفیک، بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم کێبەرکێیانەن. دوو مانگ لەمەوبەر وێنەی پەنابەران لە سنووری بلاڕووس و لەهستان نومایشی وەحشیگەرییەکی بەتەواو مانا بوو کە لە مەیدانی کێبەرکێکاندا هاتبووە ئاراوە. پەنابەرانێک کە لە سەرمای ژێر ‌پلەی سفر لەناو خێوەت و دارستانە چڕەکاندا گرفتار ببوون. ناردنی بیست و یەک هەزار هێزی نیزامی لەهستانی بۆسەر سنوور و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و لێدان  و کوتەککاریی پەنابەران و داسەپاندنی باروودۆخی نامرۆڤانە، و تونکردنەوەی گەمارۆی ئابووری دژبە بلاڕووس لەلایەن یەکیەتیی ئەورووپاوە، دواهاتی هەر ئەم شەڕە ساردە بوو. هەر کام لە لایەنەکان ئەوی تر تاوانبار پێناسە دەکەن تا بەناو بێ تاوانیی خۆیان لە ئاست هەڵگرساندنی ئەم شەڕە و تاوانبارکردنی لایەنی بەرامبەر بە خەڵک بسەلمێنن.

حزووری هێزی نیزامیی ڕووسیە لە سنووری ئۆکراین بەدەر لە ژمارە و جۆری کەرەستەی نیزامی، ناتوانێ کاردانەوەی ڕەقیبان هەڵنەخڕێنێت. ڕێک بەم بۆنەوە ڕۆژی سیی نوامبر وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بۆ باس لەسەر “ئامانجی ئیحتمالیی مسکۆ لە سەقامگیرکردنی هێز لە سنووری ئۆکراین” لە “ڕیگا” پێتەختی لیتۆنی کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا هوشداریان دا کە “لە ئەگەری هەرجۆرە دەستدرێژییەکی نیزامیی نوێ دژبە ئۆکراین، ڕووسیە بەهایەکی قورس دەدات”. ڕۆژێک پێشتر بەڕێوەبەری گشت ناتۆ بە هەواڵنێزانی وتبوو کە “ئەگەر ڕووسیە دژبە سەربەخۆیی وڵاتی ئۆکراین  زۆر بەکار بێنێت، بەهایەکی قورسی دەبێ بۆ بدات”. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش وێڕای تەئیدی قسەکانی ناوبراو وتی کە “هەرجۆرە هەوڵێکی تری ڕووسیە بۆ ئەمریکا جێگای نیگەرانییە و هەرجۆرە هێرشێکی نوی دواهاتی جیددیی بەدواوە دەبێت”.

پووتین ئەم هۆشدارەی ناتۆی بێ وڵام نەهێشتەوە و دەستبەجێ ڕایگەیاند کە: “ئەگەر ناتۆ بە ڕێبەریی ئەمریکا مووشەک لە ئۆکراین سەقامگیر بکات کە بتوانێ لە ماوەی چەند خولەکدا هێرش بکاتە سەر مسکۆ، ڕووسیە ناچار دەبێت تۆڵە بکاتەوە”. ناوبراو سەبارەت بە نیگەرانیی ڕۆژاوا دەربارەی ئامانجی ڕووسیە بۆ هێرش کردنە سەر ئۆکراین وتی: “مسکۆ هەر بەو ڕادەیە نیگەرانی مانۆڕی ناتۆیە لە نزیک سنوورەکانی خۆی”. پووتین ئەمجارەیان لە شیکردنەوەی “هێڵە سوورەکان”ی ڕووسیەدا وتی کە “ئەگەر  ناتۆ سیستەمی مووشەکیی پێشکەوتوو لە خاکی وڵاتی دراوسێ دامەزرێنێت پێویستە بەرامبەر  بەم مەسەلەیە کاردانەوە نیشان بدرێت”. هەروەها وتیشی “بوونی ئەمجۆرە هەڕەشانە بۆ ئێمە هێڵی سوورە. هیوادارین بەو جێگایە نەگات و عەقڵی سەلیم، لە قەباڵ وڵاتان و کۆمەڵگای جیهانیدا نیهایەتەن سەرکەوتوو بێت”. پووتین وێڕای ئاماژە بە چەکێکی مافەوقی سەوت کە ڕووسیە تاقیی کردووەتەوە وتی: “ئەگەر جۆرێک سیستەمی هێرشبەرانە لە خاکی ئۆکریان دابمەزبێت، زەمانی گەیشتنی ئەم مووشەکانە بۆ مسکۆ حەوت تا دە خولەک دەبێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە چەکی مافەوقی سەوتی ئێمە بە پێنج خولەک دەگەنە ئۆکراین”.

ڕێبەرانی ناتۆ و سەرۆکانی چەندین وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا لەسەر نزیک بوونی شەڕ تەئکید دەکەن و تەنانەت مانگی ژانویە بە مانگی دەستپێکی هێرش باس لێدەکەن. ئەوان هەر لە ئێستاوە خەریکی هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی جۆراوجۆری ئابووری و نیزامین بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سێناریۆی داگیرکردنی ئۆکراین. ڕووسیە هەڵبەت ئیدیعای ناتۆی ڕەت کردەوە. بەڵام دەزانین کە کاتێک ڕووسیە لە ساڵی ٢٠١٤ دوورگەی کەریمەی بە خاکی ڕووسیە پەیوەست کرد، ڕاینەگەیاندبوو کە ئەم دوورگەیە داگیر دەکات. لە جەرگەی ئەم کێشمەکێشانەدا بوو کە سەرەنجام ڕووسیە پێشنووسی ڕێکەوتننامەی پێشنیاریی سەبارەت بە “زەمانەتە ئەمنییەتەییەکان” بڵاوکردەوە. بەپێی ئەم پێشنووسە ناتۆ دەبێ بەڵێندار بێت کە بەرەو ڕۆژهەڵات پێشڕەوی نەکات و ئۆکراین نابێت بە ناتۆ پەیوەست بێت وهەروەها وڵاتانێک کە ئەندامی ناتۆن دەبێ لە ئەنجامدانی هەرجۆرە چالاکییەکی نیزامی لە خاکی ئۆکراین و باقیی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات، لە قەفقازی باکوور و لە ئاسیای ناوەڕاست خۆ ببوێرن”. پێشنووسی بڕیارنامەکە دەڵێت کە “بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا، لایەنەکان پێویستە لە مێکانیسمی ڕاوێژی خێرای “دوو لایەنە” یان “چەند لایەنە” لەوانە ” شۆرای ناتۆ – ڕووسیە” کەڵک وەربگرن. 

وتووێژی پەنجا خولەکیی بایدێن و پووتین بەدەر لە تەعاروفاتی دیپلۆماتیک، شتێکی تازەی بە قسەی وتەبێژەکانی ئەم دوو وڵاتە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو، زیاد نەکرد. بایدێن تەئکیدی کردەوە کە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکجار نیگەرانی حزووری دەیان هەزار سەربازی ڕووس لە سنووری ئۆکراینە و لە ئەگەری دەستپێکی هەر هێرشێکدا، ئەوان ئامادەی وڵامن و گەمارۆی نوێ لەدژی ئەم وڵاتە ڕادەگەیەندرێت”. پووتینیش ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە خوازیاری بەڵێنی بەنووسراوەیە بە ناوەرۆکی ئەوەیکە ئۆکراین هەرگیز ڕێگەی نەبێت بە ناتۆ پەیوەست بێت و کەرەستەی نیزامیی ئەم هاوپەیمانییە لە وڵاتانی شەورەوی پێشوو سەقامگیر نەکرێت”. سەرەنجام سەرانی ئەم دوو دەسەڵاتە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە مانگی ژۆئەنی ئەمساڵدا لە ژنێڤ وتووێژ بکەن. بۆ جارێکی دیکە ڕۆژی چوارشەممە بیست و دووی مانگی بەفرانبار نوێنەری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیە دیدار و گفتوگۆیان کرد. هەرچەند پێشنووسی پێشنیارکراوی ڕووسیە لە دەستووری کاردا نەبوو، بەڵام نوێنەرانی ناتۆ بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە هەر وڵاتێک خۆی بڕیار دەدات کە بە چ پەیمانێک پەیوەست بێت دژایەتیی خۆی لانیکەم لەگەڵ یەکێک لە پێشنیارەکانی ڕووسیە ڕاگەیاند. هەڵبەت پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئۆکراین وڵاتێکی سەربەخۆیە کەوابوو چۆنە کە لە هەموو وتووێژەکاندا نوێنەری ئۆکراین حزووری نەبووە و ئەوە ئەمریکا و یان ناتۆ و ڕووسیەن کە سەبارەت بە ئۆکراین موعامەلە دەکەن. ئەگەرچی ئەندامانی ناتۆ لەم کۆبوونەوەیەدا خوازیاری “گفتوگۆ لەسەر هێنانە خوارەوەی کەرەستەی نیزامی و چۆنییەتیی سەقامگیر کردن و ئارایشی مووشەکەکان” بوون بەڵام تەنیا یەک ڕۆژ دواتر تۆپخانەکانی لایەنەکان وەکار کەوتنەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە هاوکات لە ڕووبەڕوو بوونەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕۆژاوا لەسەر ئۆکراین هۆشداری دا کە مەسەلەی ناردنی نیزامییانی ڕووس بۆ کووبا و ڤێنێزۆیلا لە ئەگەری چوونەسەرەەوی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت ناکرێتەوەەو هاوکات دەستی دایە مانۆڕێکی نوێی نیزامی لە سنووری هاوبەش لەگەڵ  ئۆکراین. ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی بایدێن وێڕای ئاماژە بەم مانۆرە وتی: “مەترسیی هێرشێکی نیزامی لەئارا دایە” و ” ئێمە و هاوپەیمانانمان بۆ هەرجۆرە ئەگەرێک ئامادەین. ئەگەر ولادیمیر پووتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیە بەشوێن توندکردنەوەی قەیرانی نیزامییە، بۆ ئەوەش ئامادەین”.

لەڕاستیدا دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا و ئیمپریالیستەکانی ڕووس و چین لە هەموو بوارەکاندا کێبەرکێیان توند کردووەتەوە. ئەگەر ئەم کێبەرکێیانە قەرارە بۆ ئەوان ناوچەی نفووزی نوێ پێک بێنێت، بەڵام بۆ خەڵکی جیهان دەستکەوتێکی بێجگەلە پەرەپێدانی نائەمنی و لەناوچوونی دار و نەداریان نابێت. ئەوەیکە بەڕوونی دیارە ئەوەیە کە جیهان لەژێر دەسەڵاتی نەزمی زاڵمانەی سەرمایەداریدا بە ئەمنییەت و ئاسایش ناگات. ئەمنییەت بۆ خەڵکی جیهان تەنیا دەتوانێ لە ڕێگەی خەبات و ڕووخاندنی بەربەرییەتی سەرمایەداری بێتە دی.