شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین، جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکارییەکان لە ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە جەرگەی درێژە و قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانی و قەیرانەکانی سەرچاوەگرتوو لە پەتای کۆرۆنا بەدەر لە کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی سەدان ملیۆن کەس لە خەڵکی جیهان، ڕەوتی پێکهاتن و سەقامگیربوونی جەمسەرە نوێیەکانی خێراتر کردووەتەوە. ئەم بارودۆخە لە هەموو ئەم ناوەندە قەیراناوییانەی جیهان کێبەرکێی ژێئۆپۆلەتیکی پەرەپێداوە. بەپێچەوانەی تەسەوری ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا کە هەروا خۆیان لە ناوەندی ئاڵۆگۆڕەکانی جیهاندا دەبینن و لەو باوەڕەدان کە دەبێ وڵاتانی باشوور خۆیان لەگەڵ سیاسەتە ستراتێژیکەکانی ئەوان هاوئاراستە بکەن، جیهان دەمێکە بەرەو پێکهێنانی جەمسەری نوێ وەحەرەکەت کەوتووە و وڵاتانی باشوور ئیتر خۆیان لە قامەتی کۆلۆنییەکانی جیهانی ڕۆژئاوادا نابینن. گرووپی بریکس، پەیمانی شانگهای، یەکیەتیی وڵاتانی ئەفریقا و یەکیەتیی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و کارائیب بەشێک لەم جەمسەرە نوێیانەن کە هاتوونە ناو مەیدانی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە. لە بواری ئابوورییەوە بەڕوونی دەبیندرێ کە ئەم جەمسەرە نوێیانە سەرەڕای ئەو بەربەستە گەورانەی کە لەسەر ڕێگەیانە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەژمۆنیی ئەمریکا لەپێناو پێکهێنانی مێکانیزمی جێنشین حەرەکەت دەکەن. چین وەک پێشەنگی ئەندامانی گرووپی بریکس و بە پڕۆژەی “ڕێگای ئاوریشم” لە هەوڵی ئەوەدایە دەورونەخشێکی چارەنووسسازی لە بواری ئابووری و پەیوەندیی نێونەتەوەییدا هەبێت. ئەوەیکە ڕوونە، جیهان قۆناغێکی گوزاری پڕ لە جموجۆڵ و هەستیار تێدەپەڕێنێت. پەیوەندیی دەسەڵاتە جیهانی و ناوچەییەکان و نەزمی ژێئۆپۆلەتیکی جیهان لە گۆڕاندایە. دەسەڵاتی ئەمریکا ڕۆڵی هەژمۆنیکی خۆی لەدەستداوە. جیهان لە جەرگەی قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری و کێشمەکێشە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکاندا بەرەو سەقامگیریی جیهانێکی چەندجەمسەری دەڕوات. بێگومان لە جیهانی چەند جەمسەریشدا، دەسەڵاتداریەتیی چینی سەرمایەدار و گەشەی مۆدێلی چینی بە هەر تایبەتمەندییەکەوە بێت، بەشی چینی کرێکار و زۆرینەی ڕەهای بەشمەینەتان جگە لە درێژەی چەوسانەوە و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و نائەمنی، شتێکی تر نابێت.
ئەم قەیرانانە و بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان، دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی ناتەبا، خەباتی کرێکاری و ڕەوتە ڕاستە توندئاژۆکانی بەشێوەی هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ یەک پەرەپێداوە. لە جەرگەی درێژەی قەیرانی سەرمایەداری و بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی جیهاندا، بەهۆکاری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردوو، سەرچاوەگرتوو لە بەرنامەکانی ڕیازەتی ئابووری و نیولیبڕاڵی، کە ئاکامی ئابووریی قەیرانی کۆرۆنا و شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و قەیرانی دارایی جیهانی بەرینتر کردووەتەوە، ڕەوتە ڕاستە توندئاژۆکان پەرەیان سەندووە. ئەم ڕەوتە ڕاستە توندڕەوانە تا ئاستێک توانیویانە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا بەدژی بارودۆخی ئێستا بەلاڕێدا بەرن و بەسەر باڵی چەپی کۆمەڵگا و پەنابەران و کۆچبەرانیدا بشکێننەوە. ترامپ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و پۆپۆلیستیی خۆی تا ئاستێک توانیویەتی ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا بەدژی بارودۆخی ئێستا دژبە کۆچبەران کانالیزە بکات. هەروەها ڕەوتەکانی وەک “براکان لە بریتانیا”، “بەدیل لە ئاڵمان”، “باڵی دەستی ڕاستی حیزبی پارێزکاری بریتانیا”، “مارین لۆپن لە فەڕانسە”، “حیزبی ئازادی لە ئۆتریش”، دیموکراتەکانی سوێد”، “حیزبی بەهاراتیا جاناتا لە هێند”، “حیزبی ئازادیی ئارژانتین” و … ئەو ڕەوتە ڕاستە توندئاژۆ و فاشیستانەن کە ئەگەرچی هیچکامیان بەدیلێکی ئابووریی یەکگرتوویان لە بەرانبەر بنبەست و داڕمانی مۆدێلی نیۆلیبڕالیسمدا نییە، بەڵام لە نەبوونی بەدیلێکی بەهێزی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیدا، لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا لەئاست دواهاتەکانی قەیرانی سەرمایەداری تەغزییە دەکەن.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چینی کرێکار لە ئەمریکا دوای چەندین دەیە ڕکوود و فریزی حەقدەستەکان، دەستی دایەوە ناڕەزایەتی و کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکان بۆ بردنەسەری حەقدەست مانگرتنیان بەڕێوەبرد. کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی و بەشەکانی دیکەی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕێکخستنی ئەم مانگرتنانەدا هەبوو. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە ئاوێتەی خەبات بەدژی بوروکراتیسمی ناو یەکیەتییە کرێکارییەکان بووە. لە وڵاتانی ئورووپاییش لەحاڵێکدا کە دەوڵەتەکان و خاوەنانی سەرمایە دوای قەیرانی کۆرۆنا و لەگەڵ شەڕی ئیمپریالیستیی ئۆکراین ڕوویان کردە چەوساندنەوەی زیاتری کرێکاران، لە بەرامبەردا کرێکارانیش لە فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، یۆنان و وڵاتانی تر لەپێناوی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و کاریان و بەدژی لەناوبردنی پیشەکان و کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینان و دژبە هەزینەی بەرینی نیزامی، دەستیان دایە ناڕەزایەتی. لە قاڕەی ئەفریقاش، وڵاتانی ئەفریقای باشوور، نیجێریە و سێنێگاڵ، غنا و چەند وڵاتی تر، کرێکاران بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دژبە گوشاری دەوڵەت و چەوساندنەوەی کۆمپانیا چەندملیەتییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە ئەمریکای لاتین کرێکارانی کانەکانی زێڕ و پیشەسازی پۆڵا و جەماوەری وەگیانهاتوو لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئارژانتین، ئەم وڵاتەیان کردە گۆڕەپانی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەردەوامی خۆیان. هەروەها کرێکارانی مەکزیک، پاناما، بەرازیل، شیلی و ئیکوادۆر بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان ناڕەزایەتیان دەربڕی. کرێکاران لە هێند، ژاپۆن و بەنگلادێشیش لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی هاوچینەکانیان بۆ باشکردنی ژیان کە بە بەرینایی جیهان لە ئارادابووە وەدوا نەکەوتوون. ئەم شەپۆلەی بزووتنەوەی بەربڵاوی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان نیشانی دەدات کە توڕەیی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی دژەکرێکاریی حکوومەت و خاوەنانی سەرمایە و سەنعەت و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان بەردەوام خەریکە پەرە دەستێنێت. کرێکاران لە قووڵبوونەوەی دەرەی نێوان هەژاری و سەروەت و لەم هەمووە هەژاری و نابەرابەرییە وەگیان هاتوون و خوازیاری تەرخانکردنی سەرچاوە بۆ پەروەردە، تەندروستی و خوشبژێویی ئینسانەکانن.
لەم بارودۆخەدا نیزامی سەرمایەداری بێجگەلە پەرەپێدانی چەوسانەوە و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و شەڕ و نائەمنی و لەناوبردنی ژینگە، هیچ ئاسۆیەکی بۆ چوونەدەر لەم قەیرانانە نییە. دەوڵەتانی سەرمایەداری نەتەنیا بەرپرسایەتیی دابینکردنی کار و ژیان و ئەمنیەتی خەڵکیان لە ئەستۆی خۆیان کردووەتەوە، بەڵکوو زیاتر لە ڕابردوو بوونەتە ئامرازی هێرشی سەرمایە بۆسەر کار و بژێوی کرێکاران، هێرش بۆسەر ئازادیی سیاسی، بایەخە ئینسانییەکان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمڕۆ لەژێر دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداریدا، لە سەردەمێکدا کە گەشەی خێرای تێکنۆلۆژی و بەرهەمهێنان بەوپەڕی خۆی گەیشتووە، بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت لە سەرتاسەری جیهان قووڵتر بووەتەوە، ژینگەی ئینسانەکان کەوتووەتە مەترسییەوە، سەدان ملیۆن کەس لە پێنج قاڕەی جیهان لەگەڵ هەژاری دەست و پەنجە نەرم دەکەن و سەدان هەزار ئینسانی پەنابەر بۆ خۆدەربازکردن لە شەڕ و هەژاری و نائەمنی، گیانیان بە شەپۆلەکانی دریا دەسپێرن.
لەم بارودۆخەدا، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری دژبە هێرشی دەوڵەتەکان بۆسەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران، بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دژبە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانانی لە ناتۆ، بزووتنەوەی دژی ئاپارتایدی ڕەگەزی و جنسیەتی، بزووتنەوەی داکۆکی لە ژینگە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی دەوڵەتەکان بۆسەر ئازادیی سیاسی و … لە هەمان کاتدا کە هیوای دروستکردنی جیهانێکی باشتر، جیهانێکی ئازاد و بەرابەری زیندوو ڕاگرتووە، بەستێنێکی گونجاویشی بۆ پەرەسەندنی چالاکیی سۆسیالیستی لە سەرتاسەری جیهان ئامادە کردووە. ئایا بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئەنترناسیۆنالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغە مێژووییە و لەسەر بەستێنی گەشەی خەباتی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دەتوانێ ببێتە بەرەیەکی بەهێزی سیاسی؟ پێویستە لێبڕاوانە هەوڵی بۆ بدرێ. پێکهێنانی ئەحزابی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ کە بتوانن خەباتی ئێستای کرێکاران دژبە هێرشی سەرمایە و بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار و ژیان تێکەڵ بە ستراتێژی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی بکەن، لە پێشمەرجەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لەم مەسیرەدایە. ئەو حیزبانەی کە بە سنووربەندیی لێبڕاوانەیان لەگەڵ ئەحزابی چەپی ڕێفۆرمیست و پارلەمانتاریست لە دەرەوەی چوارچێوەی پارلەمان و ئاڵقەی ڕێکخراوە غەیرە دەوڵەتییەکان (ئێن جی ئۆ)کان، کە هاوشێوەی سوپاپی دڵنیایین بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری، دەسەڵاتی سەرمایە لە هەموو بوارەکاندا ببەنە ژێر پرسیارەوە. ئەو حیزبانە کە لەپنێاوی ستراتێژی سۆسیالیستی، هەڵسووڕانی چالاکانە و ئاراستەپێدان بە هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان بە ئەرکی خۆیانن بزانن. ئەو حیزبە ڕادیکاڵانەی کە یارمەتیدەری بابەتی ڕێکخستنی کرێکاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا لە شوێنی کار و ژیانیان بن. بە پشت بەستن بەم ڕێکخستنە نەتەنیا پاشەکشە بە هێرشی سەرمایە بۆسەر کار و ژیانی کرێکاران بکەن، بەڵکوو هێرش بکەنە سەر سەرمایە و ئیمکانی ڕووخاندنی دەوڵەتانی سەرمایەداری و گرتنەوەی دەسەڵات لە خوارەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەلایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە نیشان بدەن. ئەو حیزبە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕانەی کە ئاڵاهەڵگری دامەزراندنی ئەنترناسیۆناڵی کرێکاران بن. ئەو حیزبانەی کە وەک بەشێک لە چینی کرێکار و وەک چەکی سەرکەوتنی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لە هێرش بۆسەر سەرمایە، دەورونەخش ببینن.