جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە زیندانی ناوەندیی ورمێ
پێنجشەممە ۳۰-۰۱-۱۴۰۳   |  18-04-2024
سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری کەنگاوەر جێبەجێکرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە سزای سێدارەدانی ئەفشین باغ شیرین، تەمەن ٣٩ ساڵە و خەڵکی شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.