بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، سزای لێدانی ٧٤ زەربە شەلاقی “ڕۆیا حیشمەتی” دوای بانگ کرانی بۆ لقی یەکی خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە، ناوبراو بەهاری ئەمساڵ لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بێ حیجابی زۆرەملێ لە جووتسایدی کشاوەرزی تاران، سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ زەربەی شەلاق و سێ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لەوڵاتی بەسەردا سەپێندرابوو. ڕۆیا حیشمەتی لەوبارەوە نووسیویەتی کە: فەرمانبەری لقی جێبەجێکرانی سزاکان بەهۆی دەرهێنانی لەچکە، هەڕەشەی لە ناوبراو کردووە کە توندتر شەلاقی لێبدات و دۆسیەیەکی نوێی بۆ بکاتەوە. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا شوێنی جێبەجێکرانی سزاکەی بە “دیوێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوین” شێوەکردووە. ئەو هاووڵاتییە کە دژی حیجابی زۆرەملێیە بە ئاماژەدان بەوەیکە فەرمانبەرانی ژن بە زۆر لەچکەیان لەسەر کردووە، نووسیویەتی کە شەلاقەکان لە شان، پشت، سمت، ڕان و لاقی دراون. ڕۆیا حیشمەتی گێڕانەوەکەی خۆی بەو شێوە درێژە داوە کە: ” قامچییەکانم نەدەبژارد، لەژێر لێو دەمخوێند، بەناوی ژن بەناوی ئازادی، جلی کۆیلەیەتی دڕا، شەوی تاری ئێمە بەسەر دێت، هەموو قامچییەکان دەبن بە تەور.” پێویستە بوترێ کە بابەتی “ئازادی لە هەڵبژاردنی شێوەی جل لەبەرکردن” لە ڕاگەیاندراوەی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنی لەناوبردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک دژ بە ژنان، پێداگری لەسەر کراوە. کەڵکوەرگرتن لە سزای شەلاق لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سزای شەلاق سزایەکی نامرۆڤانە، زاڵمانە و دژ بە کەرامەتی مرۆڤە و ماددەی ٧ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی سیاسیش جێبەجێ کردنی ئەو سزایەی قەدەغە کردووە.