فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

حوکمی سزادانی خوێندکارێکی خەڵکی ئیلام، لە دادگای پێداچوونەوەدا پەسەند کرا
سێشەممە ۰۲-۱۲-۱۴۰۱   |  21-02-2023

سزای دوو ساڵ بەندکران و سەرجەم سزا سەپێنراوە تەواوکەرەکانی تری نگار داوودی، خوێندکاری بەشی نەرم ئەفزاری کۆمپیتەر لە زانکۆی ئیلام، کە پێشتر لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەدا دەر کرابوو، لە لایەن لقی ٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلامەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

دادگای یەکەمی نگار داوودی ڕۆژی ٧ی بەفرانبار لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی بەڕێوە چوو و ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» سزای دوو ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، ساڵێک کاری خۆڕایی بۆ ئیدارەی «بهزیستی» و ٢٠٠ کاتژمێر بەشداریکردن لە خولی فێرکاری و تەفسیری قورئانی بەسەردا سەپا.

نگار داوودی لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی سەراسەری  ئاخێزە جەماوەرییەکاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو دوای ٧ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام و لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە زیندان ئازاد بوو.