فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

حەشدی شەعبیی عێراق، سێناریۆی پێکهێنانی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا
پێنجشەممە ۲۰-۰۸-۱۴۰۰   |  11-11-2021

ڕەوتی گوڕانکارییەکانی عێراق پاش هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان لە دەی مانگی ئۆکتۆبەر و لە سەروبەندی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە چووەتە قۆناغێکی نوێوە. عەمەلیاتی تیرۆری ناکامی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکێک لە نیشانەکانیەتی. ئەگەرچی هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی عێراق ڕایانگەیاند کە ٤٠ لەسەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کردووە، بەڵام ئەم ٤٠ لەسەدە تەنیا کەسانێک بوون کە کارتی هەڵبژاردنیان وەرگرتبوو. ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە پتر لە ٥ ملیۆن کەس  کە زۆربەیان لاوان بوون،  سەرەڕای هۆشداری کاربەدەستانی حکوومەت حازر نەبوون تەنانەت کارتی هەڵبژاردنیش وەربگرن. کەوابوو لەڕاستیدا بە هەژمارکردنی کۆی دەنگە سووتاوەکان، ڕێژەیەکی کەمتر لە ٢٧ لەسەد لە خاوەن مەرجانی دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارییان کرد. بەڵام سەرەڕای بەشداریی کەمی خەڵک، یەکێک لە ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کە لە ژێر سێبەری کاریگەرییەکانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا بەڕێوەچوو، شکستی سەخت و سەرشۆڕانەی حەشدی شەعبی لەژێرناوی هاوپەیمانیی فەتح و باقی  هێز و میلیشیاکانی سەربە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. بەڵام لەپێشداش مەعلووم بوو کە لە وڵاتێکی وەکوو عێراقدا کە زۆربەی حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان پشیتان بە هێزی چەکدار، سەرچاوەی ماڵی و پشتیوانیی هێزە کۆنەپەرستە جیهانی و ناوچەییەکان بەستووە، دەستڕاگەیشتن بە ئامرازی دەسەڵات نەک لە سندووقەکانی دەنگدانەوە، بەڵکوو لە هێزی چەکدار و دۆلاری نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت. لە وەها باروودۆخێکدا مەسەلەی ڕێکەوتنی پشت پەردە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، دەخرێتە جێگای دەنگی هەر ئەم کەمینە بچووکە لە دەنگدەران و ئەگەر بە ڕێکەوتنیش نەگەیشتن کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات بە قیمەتی نائەمن کردن و شڵەژاندنی کەشوهەوای کۆمەڵگا دەگرنەبەر.

کەوابوو ناردنی درۆنی ئینتحاری بۆ تیرۆری مستەفا کازمی پێویستە لەسەر بەستێنی کێشمەکێشەکانی دابەشکاریی دەسەڵاتی عێراق هەڵسەنگێندرێت. لەو جێگەوە کە گرووپەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە حەشدی شەعبی لە پۆششی “هاوپەمانیی فەتح” تا “هاوپەیمانیی یاسا” و گرووپی “حیکمەتی نەتەوەیی” شکستیان لە هەڵبژاردنەکاندا قەبووڵ نەکرد، بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی دابەشکاریی دەسەڵات، هەوڵیان دا بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە نەجەف و کەربەلا و دەروازەی ناوچەی سەوزی بەغدا، بە بیانووی تەزویر لە هەڵبژاردنەکان، باروودۆخەکە ئاڵۆز بکەن. ئەم ناڕەزایەتییانە لە درێژەدا هێرشی ڕێکخراوی هەر ئەم گرووپانەی بۆسەر ناوچەی سەوزی بەغدا لە ڕۆژی پێنجەمی نوامبر و تێکهەڵچوون و شەڕی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە. لە تێکهەڵچوونەکانی سەر شەقام کە هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک ڕێژیان دەهاویشت و تەقەیان دەکرد، پتر لە سەد کەس برینداربوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەست دا. پاش ئەم ڕووداوە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکانی نزیک بەخۆی دژبە مستەفا کازمی توند بوونەوە. سەرۆکی “عەسایبی ئەهلی حەق” هەڕەشەی کردووە و ناوبراوی بە پەرپرسی کوژرانی ئەندامانی ئەم گرووپە پێناسەکروودە. ئەبوعەلی عەسکەری لە سەرانی “کەتایبی حیزبوڵڵا”ش ڕایگەیاندووە کە لە کازمی بە تۆمەتی “بەشداری کردن لە تیرۆری قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندێس” تۆڵە دەستێنێتەوە. هێرشی درۆنی ئینتحاری بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وەها هەلومەرجێکدا، هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم عەمەلیاتە تیرۆریستیە کاری گرووپە میلیشیاکانی سەربە کۆماری ئیسلامی بووە. لەو نێوەدا وتەکانی شەمخانی بەڕێوەبەری شۆرای ئەمنییەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە عەمەلیاتی تیرۆری کازمیی بەرهەمی ژوورە فیکریەکانی وڵاتانی بیانی بەتایبەت ئەمریکا پێناسەکرد، زیاتر تەرفەندێکی نەفامانە بوو بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی.

ڕۆژی دووشەممە هەشتی نوامبر یەک ڕۆژ پاش ئەنجامدانی ئەم عەمەلیاتە تیرۆریستیە، هەواڵنێریی ڕوویتێرز لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و نیزامیی عێراق ڕایگەیاند کە هێرشی درۆن بۆسەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لایەن گرووپەکانی “کەتایبی حیزبوڵڵا” و “عەسایبی ئەهلی حەق” ئەنجام دراوە و ئەو درۆن و تەقەمەنیانەی کە لەم هێرشەدا بەکارهاتوون بەرهەمی ئێران بوون. بێگومان دەستبردنی گرووپەکانی ژێر شاخەی حەشدی شەعبی بۆ هێرشی تیرۆریستی لەپێناو گۆڕینی هاوسەنگیی دەسەڵات و قەرەبووکردنەوەی شکست لە هەڵبژاردنەکان ڕەنگدانەوەی پێگەی لاواز و شکست هێنانی هێزەکانی سەربە ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەم گۆڕانکاریانە یەک ڕۆژە و لە جەرەیانی هەڵبژاردنێکی بێ ڕەونەقدا ڕوویان نەداوە. لە جەرەیانی ئاخێز و ناڕەزایەتیی جەماوەری دوو ساڵ لەمەوبەر کە حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لە سەرکوتکردنی دابوو، یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی ناڕازیان کۆتایی هاتن بە دەخاڵەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخی عێراق بوو. جەماوەری ناڕازی گەلێک جار کۆنسوولخانە و هێماکانی کۆماری ئیسلامییان ئاگر تێبەرداوە. زۆربەی خەڵکی عێراق لە ناوچە شیعەنشینەکان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری پەرەسەندنی دزی و گەندەڵی و نائەمنی لەم وڵاتە پێناسە دەکەن. 

پاش ئەم عەمەلیاتە ناسەرکەوتووە تیرۆریستیە، ئەگەرچی بەلەبەرچاوگرتنی سەرلێشێواوی و هەڵوێستی بەپەلەی حەشدی شەعبی و باقیی گرووپەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی، هێندێک لە چاوەدێرانی سیاسی باسیان لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دەکرد، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەرەنجدان بە پێیگەیەکی لاواز کە هەیەتی، لەم هەلوومەرجەدا سێناریۆی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق بەقازانجی خۆی نازانێت. چون لە عێراق بێجگەلە خەڵکی کوردستان و ناوچە سوننی نشینەکان، زۆربەی دانیشتووانی ناوچە شیعەنشینەکانیش لە دەخاڵەتگەریی سیاسی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی و حەشدی شەعبی یەکجار بێزارن و هەرجۆرە دەستبردن بۆ تاکتیکی شەڕی ناوخۆیی، زۆربەی دانیشتووانی ناوچە شیعەنشینەکانیش دەخاتە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەربەم ڕژیمە. لەخۆڕانەبوو کە یەک ڕۆژ دوای عەمەلیاتە ناکامە تیرۆریستیەکە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزەکانی قۆدسی سپای پاسداران لە سەفەر بۆ بەغدا و دیدار لەگەڵ سەرانی حەشدی شەعبی نیسبەت بە ئەنجامدانی هەرجۆرە هەوڵێکی بەپەلە هۆشداری دا. لەوەش واوەتر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی تەشەسەندنی ئاگری شەڕی ناوخۆیی عێراق و نزیک بوونەوەی لە سنوورەکانی ئێران و قەیراناویتر کردنی پێگەی ڕژیمە. ئێستا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە هێرشی تیرۆریستی درۆنەکان، بە گوشار و ئاڵۆزی نانەوە، پێگەی بەر لە هەڵبژاردنەکان لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا بەدەست بێنێتەوە، بە پشت بەستن بە هاوپەیمانی فراکسیۆنەکانی نزیک بەخۆی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا و لە ڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە ژێر شاخەکانی، سێناریۆی پێکهێنانی دەوڵەت لەناو دەوڵەتێکیتردا بەکردەوە دەردێنێت. بلوکی گرووپە شیعەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی هاوشێوەی حیزبوڵڵای لۆبنانیان هەیە و وەک یەکێک لە هۆکارەکانی گەندەڵی و نائەمنی و ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراق هەروا دەمێننەوە. پێگەی ئێستای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراق دواهاتی ستراتێژی هێرشی بەرگرانەیە لەپێناو مانەوەی خۆی، کە لەگەڵ خۆڕاگیریی جەماوەری بەرەوڕوو بووەتەوە.

بەڵام بەدەر لەم کێشمەکێش و ناکۆکیانە لەسەر دەسەڵات لە نێوان باڵانشیناندا، کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراوی عێراق پێویستە بۆ جارێکی دیکە هێز و توانای خۆیان لە ئاوێنەی دوژمندا ببینن. شڵەژاویی ڕیزی دەسەڵاتداران، لاوازی و سەرلێشێواویی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی نزیک بەم ڕژیمە، دواهاتی ڕاپەڕینی شکۆداری ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، و بایکۆتی وشیارانەی هەڵبژاردنەکان بوو. شکۆداری و مەزنبوونی جەماوەر باوەڕ بکەین و بۆ ڕێکخستنی ئیرادەی ئەم هێزە مەزن و لەبن نەهاتووە، لەپێناو کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتگەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و باقی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و جیهان لە عێراق، هیچ دەرفەتێک لەدەست نەدەین.