ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٠ و ٢١ی مانگی سەرماوەز موعەلیمان لە پتر لە ٢٠٠ شاری ئێران لە ناڕەزایەتیی بە بەکردەوەدەرنەهاتنی ڕیزبەندیی موعەلمیان و هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان دەستیان دایە مانگرتن و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز ناڕەزایەتیی سەرتاسەرییان بەڕێوەبرد. موعەلیمانی مانگرتوو لە ناڕەزایەتی بە پەرەسەندنی کێشەی بژێو و وادە و بەڵێنیی درۆیینی دەوڵەت، لە حزوور لە کلاسەکانی دەرس خۆیان بوارد و کلاسە ئانلاینەکانیشیان کە لە چوارچێوەی گەڵاڵەی “شاد”دا بەڕێوەدەچێت، تەعتیل کرد. “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان” لە بەیانییەیەکدا کە پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژی شەممە بڵاوی کردەوە، وێڕای ستایشی موعەلیمان ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ شەممە بۆ جارێکی دیکە حەماسەیەکی لەبیرنەچۆوە خوڵقا و بە تەعتیل کردنی بەرینی کلاسەکانی دەرس بەشێوەی حزووری و ئانڵاین، فەرهەنگییان نیشانیان دا کە تا مافەکانیان وەدی نەهێنن ناسرەون. مانگرتنی دەیان هەزار موعەلیم لە سەرتاسەری ئێران لە پتر لە ٢٠٠ شار و ناوچە نیشانەی ئەوەیە کە کارد گەیشتووەتە سەر ئێسقان و ڕەوتی مافخوازیی موعەلیمان تا وەدیهێنانی گشت خواستەکانیان ڕاناوەستێت”.
هێستا چەند کاتژمێر لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی موعەلیمان تێپەڕ نەببوو کە ڕەسووڵ بۆداقی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ناوەندی پیشەیی ئیسلامشار و نوێنەری ئەم ڕێکخراوە لە شۆرای هاوئاهەنگیدا لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتەوە وێڕای توندوتیژی دەستبەسەرکرا. ناوبراو کە یەکێک لە چالاکانی دیاری موعەلیمانە، پێشتریش ٧ ساڵ بەخاتری دیفاع لە مافی موعەلیمان زیندانی کرابوو، بەڵام هەرگیز دەستی لە خەبات هەڵنەگرتووە و بوێرانە لە لەپێناو مافخوازی و وەدیهێنانی خواستی موعەلیمان و مافی خوێندکاران خۆڕاگریی نواندووە. “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمانی ئێران” لە بانگهێتشتێکدا کە هەر بەم بۆنەوە بڵاوی کردەوە وێڕای مەحکووم کردنی دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکەی موعەلیمان تەئیکیدی کرد کە “ئەگەرچی ڕەسووڵ بۆداقی لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی موعەلمیانە بەڵام ئەمڕۆ هەموو موعەلمێک لیدێر و ڕێکخەری کاریگەری ناو ئەم بزووتنەوەیە دێتە ئەژمار و بە دەستبەسەرکردن و هەڵسووکەوتی نایاسایی ناکرێ لەسەر ڕەوتی مافخوازیی کاریگەریی نەرێنی دابندرێت. شۆرای هاوئاهەنگی وێڕای پێداگری لەسەر ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ڕەسووڵ بۆداقی و باقیی موعەلیمانی بەندکراو و ڕاگرتنی بانگ کردن و دادگایی کردنی چالاکانی پیشەیی ڕایگەیاند کە موعەلیمانی مافخواز، بەم هەڵسووکەوتانە چاوترسێن نابن و لەپێناو وەدیهاتنی بەرژەوەندی باڵای موعەلیمان و ڕۆڵەکانی خۆیان و ڕۆڵەکانی ئێران بە مانگرتن و کۆبوونەوەی سەرتاسەری پەیوەست دەبن”. هاوکات محەممەد حەبیبی وتەبێژی ناوەندی پیشەیی موعەلیمان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە جەعفەر ئیبراهیمی چالاکی موعەلیمان و بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان لە بێدادگای کەرەج بەخاتری چالاکیی پیشەیی موحاکەمە کراوە. تۆمەتەکانی ناو پەروەندەی ناوبراو هەر ئەو بەناو تۆمەتانەن کە هەموو چالاکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەگەڵی بەرەوڕوون واتە “تەبلیغ دژبە نیزام و هەوڵدان دژبە ئاسایشی نەتەوەیی”. ئەم تۆمەتە پووچ و بێناوەرۆکانە نیشانی دەدەن کە لە ڕوانگەی ئەوانەی وا لەڕێگەی ئۆرگانەکانی سەرکوتیانەوە دەسەڵاتەکەیان دەپارێزن، هەمووجۆرە ناڕەزایەتییەک ئەمنییەتیان دەخاتە مەترسییەوە.
مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕۆژانی ڕابردوو سێهەمین شەپۆلی ناڕەزایەتیی موعەلیمان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو دایە. هەڵبەت ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغەی موعەلیمان تەنانەت چەند ڕۆژ بەر لە کرانەوەی مەدرەسەکان دەستی پێکردبوو. موعەلیمان ساڵانێکی زۆرە کە لەئاست باروودۆخی خراپی بژێوی و پیشەیی خۆیان ناڕازین و خوازیاری ڕیزبەندیی موعەلیمان و هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوانن. هەر ئەوکاتیش موعەلیمان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا هاواریان دەکرد: “نە تەسلیم و نە سازان دەخوازین ڕیزبەندیمان، موعەلیم ڕاپەڕە هەڵاواردن لەناوبەرە، موعەلیم دەنگ هەڵبڕە مافەکانت دەربڕە”. موعەلیمان لە بانگهێشتەکانی خۆیاندا نووسییان: “داخوازیی موعەلیمان ساڵەهایە کە بێ وڵام ماوەتەوە. کاتێکیش کە بە بەدواداچوونی یەکگرتووانەی موعەلیمانی لەسەرکار و خانەنشینکراو گەڵاڵەی ڕیزبەندی و هاوسانسازی لە ئاستێکی بەریندا هاتووەتە گۆڕێ، مەجلیس لە پەسندکردن و دەوڵەت لە بەکردەوە دەرهێنانی، بەوجۆرەی کە موعەلیمان و شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمانی سەراسەری ئێران دەیانویست خۆیان بوارد و لە هەر هاتووچۆیەکی ئەم گەڵاڵەیە، لە کۆمیسیۆنی ئامووزشەوە بۆ مەجلیس و بەپێچەوانەکەی، بەشێک لەم گەڵاڵەیە بە زیانی موعەڵیمان دەگۆڕدرێت”. ڕێک بەم هۆکارەیە کە هاوکات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی گەڵاڵەکە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لەناو مەجلیسی ڕژیم بۆ جارێکی دیکە موعەلیمان دەستیان دایە مانگرتنی سەرتاسەری و خوازیاری پەسەندکرانی گەڵاڵەی ڕیزبەندی و هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان بوون و ڕایانگەیاند کە ئەگەر لەم دوو ڕۆژەدا چارەنووسی گەڵاڵەکە ڕوون نەکرێتەوە، ڕۆژی دووشەممە ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەڕێوەدەبەن. لەو جێگەوە کە مەجلیس نیشینان بایەخێکیان بە داخوازیی موعەلیمان نەدا، ئەوان بە درێژەی کۆبوونەوەی خۆیان لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز و بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشتێک ڕایانگەیاند کە هەتا وەدی هاتنی داخوازییەکانیان دەست لە ناڕەزایەتی ناکێشنەوە و ڕاشیانگەیاند کە “ئەوە چۆنە کە بوودجە بۆ ناوەندێکی وەک سەدا و سیما کە مەیدانی هێرشی مافیای ئامووزشییە بوونی هەیە بەڵام تا باسی بژێوی موعەلیمان دێتە گۆڕێ هەر ئەم سەدا و سیما غەیرە میللییە بە ڕاپۆرتی ناڕاست بیروڕای گشتی لە دژی موعەلیمان هان دەدات؟ چۆنە کە بوودجە بۆ بردنەسەرەوەی سەهمی حەوزەی عیلمییە بوونی هەیە بەڵام بۆ فێربوون و پەروەردە و بارهێنان لە توانای حکوومەت دا نییە!؟ ئێمە بەخاتری ئەو هەمووە ناتەباییە سەرسووڕماوین و باش دەزانین کە خەڵکی وشیاری ئێران ماهییەتی ڕیاکارانەی بەرپرسانی ناکارامەیان ناسیوە. ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تا هۆشدار بە مەجلیس بدەین کە ئەگەر لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزدا، گەڵاڵەی ڕیزبەندی بەکەمتەرخەمییەوە جێبەجێ بکرێت و هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان کە پێشتر بوودجەکەی پێشبینی کرابوو هەروا لەبەرچاو نەگیرێت، درێژە بە ناڕەزایەتیی بەرینی خۆمان دەدەین”.
لەڕاستیدا هەموو سیستەمی پەروەردەی ئێران تووشی قەیران بووە کاتێک ڕادەگەیەندرێت کە لەمساڵدا ٢١٠ هەزار خوێندکار قۆناغی سەرەتایی و نزیکەی ٧٦٠ هەزار خوندکاری قۆناغی مامناوەند دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە. کاتێک مەعلووم دەبێت کە موعەلیمی ڕیازی بەهۆی کێشەی ماڵییەوە خۆی هەڵداوەسێت، کاتێک کە ملیۆنان منداڵ لەجیات چوون بۆ مەدرەسە ڕەوانەی بازاڕی کار دەبن و بە لەشکری منداڵانی کار پەیوەست دەبن. کاتێک کە پەروەردە و بارهێنان خسووسی دەکرێت. کاتێک کتێبە دەرسییەکان دەکەونە خزمەت پەرەپێدانی دواکەوتووترین خورافات و بیری مەزهەبیی دژەمرۆیی. هەربۆیە هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ جەماوەر و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان نامێنێتەوە بێجگەلە ئەوەیکە شەقامەکان بگرنەوە و بۆ هەمیشە کۆتایی بەم باروودۆخە فەلاکەتبارە بێنن.