بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز، بەلەمێکی هەڵگری پەناخوازان بەهۆی شەپۆلی توندی دەریا، لە لێوار ئاوەکانی لیبی ژێر ئاو کەوت و بەهۆیەوە ٦١ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
شایانی باسە، ئەم بەلەمە هەڵگری ٨٦ کۆچبەر بووە. بەوتەی ئەم ڕێکخراوەیە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر بەهۆی هەژاری، شەڕ و فەلاکەتی ئابووری لە وڵاتانی ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕوویان کردووەتە وڵاتانی ئۆرووپایی. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم ئاژانسە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٢ هەزار و ٢٠٠ کەس لە ئاوەکانی مەدیتەرانە گیانیان لەدەست داوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی گاردییەنی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا، ١٧٦ هەزار کۆچبەر بە شێوەی نایاسایی چوونەتە ئۆرووپا کە لەم ژمارەیە، زیاتر لە ٨٩ هەزار کەسیان، لەڕێگەی مەترسیداری مەدیتەرانەوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئۆرووپایی.