لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو لەم دواییانەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە ژێر گوشاردا بووە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، ئاریان یاوەری، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و گیانی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و بەتایبەت لەلایەن بەکرێگیراوێک بە ناوی ئەحمەد عەلیپوور، ئەندامی هێزی بەسیج لە بۆکان هەڕەشەی لێکراوە.
ناوبراو لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١ و لە سەردەمی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بە تۆمەتی ئاگردانی ماڵی ئەحمەدی عەلیپوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە و دوای ٧٠ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە دانانی بارمتە ئازاد بوو.