فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خۆکوژی پەناگەیەک بۆ مرۆڤی ناڕازی و لەخۆنامۆ
شەممە ۲۴-۰۲-۱۴۰۱   |  14-05-2022

بەپێی ڕاپۆرتی هرانا ئۆرگانی هەواڵنێریی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی شەممە ٦ی گوڵان، دوو کرێکاری نانەواخانەی ٢٠ ساڵ تەمەن بە ناوەکانی “سیروس حوسێن پوور” و “کەریم محەممەدی” کە لە نانەواخانەیەکی گوندی خومەزاری سەر بە شاری مەمەسەنیی پارێزگای فارس کاریان دەکرد، بە خواردنی حەبی برنج کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و بەداخەوە گیانیان لەدەستدا. سیروس و کەریم دانیشتووی گوندی ئەردەشیری سەر بە شاری کوە چناری شارستانی قائمییە بوون. ئەو دوو كرێكارە گەنجە بەر لە خۆكوشتن، بە بڵاوكردنەوەی كورتە ڤیدیۆیەك و وتنی  “ماڵئاوا، بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوا” كەسانی دیكەیان لە نیازی خۆیان ئاگادار کردبووەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هرانا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە کە “هۆکاری خۆکوشتنی ئەو کرێکارانە کێشەی بژێوی ژیان و هەژاریی ماڵی بووە”. قافڵەی کرێکاران و گەنجان و ژنانێک کە ڕۆژانە خۆیان دەکوژن هەر بەو نموونەیە کۆتایی نایەت. میدیاکانی هەواڵی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ له ئێران و ستوونی ڕۆژنامەکانی سەربە حکوومەت، ڕۆژانه هەواڵی خوکوشتن بڵاو دەکەنەوە و لەسەر هۆکاری دەروونیی ئەم خۆکوژییانە بابەت دەنووسن.

ئاماری بەرینی خوکوژییەکان لە مانگی گوڵاندا نیشانی دەدات کە هاوشانی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دیکە، دیاردەی خۆکوژی لە ئێرانیش بووەتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی. کاتێک کە خوکوژی دەبێتە کێشەیەکی ئازاردەری کۆمەڵایەتی و ژیانی ژمارەیەکی بەرین لە بنەماڵەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، ئەمجارەیان بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی کێشەکە، دەبێت بانتر لە باروودۆخی دەروونی و سەرزنشی کەسوکار و نزیکان بیری لێ بکرێتەوە و بۆ دۆزینەوەی ڕیشەکەی تیشک بخرێتە سەر پێکهاتەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری زاڵ.  سەردەمانێک میشێل لووی فیلسووف و کۆمەڵناسی مارکسیستیی فەڕانسەوی – بەڕازیلی وتی: ” پۆلێنکردنی هۆکارەکانی خۆکوشتن پۆلێنکردنی گەندەڵییەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی مۆدێرنە. ئەو گەندەڵییانە ناکرێت بنەبڕ بکرێن مەگەر بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا”.

بێگومان خوکوژیی ئەو دوو کرێکارە لاوە، کوروش و کەریم، جۆرێکە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گەندەڵیی کۆمەڵگای بۆرژوازی لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا. خوکوژی پەناگەیەکە کە مرۆڤی ناڕازی و لەخۆنامۆ لەڕووی بێتواناییەوە پەنای بۆ دەبات. ناڕەزایەتییەکی بێهیوایانەیە دژبەو دەسەڵاتە گەندەڵ و تەماحکارەی کە بەرهەمی کاری کرێکار داگیر دەکات، بەڵام حازر نییە بەهای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار، کە دەبێتە تێچووی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی بۆ دابینکردنی خۆراک و پۆشاک و تەندرووستی، بدات. گرانیی سەرسووڕهێنەری و پانتایی هەژاری و فەلاکەتێک کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەیدا سەپاندووە، هۆکاری ئەم خۆکوژییانەن. کەوابوو نابێ قوربانییانی خۆکوژی بەخاتری پەنابردنیان بۆ ئەم بێپەناییە، مەحکووم بکرێن. پێویستە سەرەنج بدرێتە ئەو بابەتە کە چلۆن حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ژیان و گیانی خەڵکی بە بارمتە گرتووە. چلۆن بە لەشکری بەرینی سپاهی و هێزی ئەمنییەتی، بە ژمارەی بەرینی زیندان و ئەشکەنجەخانەی جەستەیی و دەروونی و بە کەرەستەی مەرگ، هەر ناڕەزایەتییەک دژبەم باروودۆخە بە سەرکوت وڵام دەداتەوە. چۆن دەتوانین سەیری ملیۆنان کرێکار و ئینسانی ڕەهاکراو لەناو هەژاری و نەهامەتی بکەین کە لەلایەن کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و زەرووسفەتەوە ئەم باروودۆخەیان بەسەردا سەپاوە؟ بە سەرزەنشت و مەحکوومکردنی دیاردەی خۆکوژی و سەرزەنشتی قوربانییانێک کە ئێستا لەنێو ئێمەدا نین تا لە مافی خۆیان دیفاع بکەن، ناتوانین ڕیشەی دیاردەی خۆکوژی وشک بکەین. پێویستە بەرەنگاری ئەو نیزامە کۆمەڵایەتییە ببینەوە کە تێیدا مرۆڤ سەرەڕای بوونی ملیۆنان کەس لە هاونەوعەکانی، هەست بە تەنیایی دەکات. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا سیرووس و کەریم بەمجۆرە ئامادەکاری بۆ کوشتنی خۆیان دەکەن و بۆ دوایین جار ماڵئاواییمان لێ دەکەن، کۆمەڵگەیەکی یەکجار نەخۆشە. هۆکاری ئەم خۆکوژییانە، ئەو ئەشکەنجە ئاشکرا و نهێنییانەن کە گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری بەسەر ئەم قوربانییانەی دادەسەپێنێت. بۆ وشک کردنی ریشەی خۆکوشتن وەک بەڵایەکی کۆمەڵایەتی، دەبێ پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێستا بگۆڕدرێت.

لە باروودۆخی ئێستادا ئەگەرچی گرانیی سەرسووڕهێنەر، دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری باروودۆخێکی یەکجار دژواری بەسەر کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەدا سەپاندووە و لەشکری گەورەی بێکاران، دەستی سەرمایەداران و خاوەنانی سەنعەتی بۆ توندکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران ئاواڵە هێشتووەتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە هێزێکی کۆمەڵایەتیی وەگیانهاتوو و ناڕازیی بەشێوەی جەماوەری هاتووەتە مەیدان کە بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرمایەداران  و خاوەنکاران و دەسەڵاتی ئیسلامی توندتر دەکاتەوە و بەرەو ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرێت. پێویستە ئەم تیغە دوو بەرە بخرێتە سەر گەردنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران. پێویستە بە کاری ماندوویینەناسانەی وشیاریدەرانە و ڕێکخەرانە ڕێگە نەدەین هیچ هاوڕێیەکی کرێکار، بەتایبەت کرێکارانی لاو و کەم ئەزموون، لەناو ئەم لەشکرە مەزنەی کرێکاران و هەژارانی کۆمەڵگەدا، هێندە لە تەنیایی خۆیاندا نوقم بن کە پەنا بۆ بێپەنایی و نابوودیی خۆیان بەرن.