ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار، ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی “کەڵاکێن”ی سەر بە پیرانشار بە ناوی “سۆنیا ڕەسووڵزادە” تەمەن ٢٢ ساڵ، بەهۆی ئەو شتەی کە ناوی دەنێن “ناکۆکی بنەماڵەیی” لەڕێگەی هەڵواسینی خۆی کۆتایی بەژیانی هێنا.
پێویستە ئاماژە بکرێت کە “ناکۆکی بنەماڵەیی” ڕەستەیەکە کە لە وێژمانی فەرمی ڕژیم بە مەبەستی ئاماژە کردن بە توندووتیژی ماڵێی لەدژی ژنان و هەندێ جار وەک هۆکارێک بۆ کوژرانی ژنان و کوشتنەکانی ناسراو بە “قەتڵی نامووسی” بەکار دەهێنرێت. جێگای ئاماژەیە، ساڵانە ژنانێکی زۆر لە کۆمەڵگای ئێران، بە هۆکاری جۆراوجۆر دەست دەدەنە خۆکوژی و کۆتایی به ژیانیان دێنن. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بۆ شاردنەوەی هۆکارەکانی توندووتیژی لەدژی ژنان لە ڕەستەی “ناکۆکی بنەماڵەیی” کەڵک وەردەگیرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئاسایی بوونەوەی هۆکاری کوشتنی ژنان.