لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی “نیلووفەر شامحەممەدنژاد”، خەڵكی شاری سنە، لە ئاکامی ئەو شتەی کە ناوی دەنێن “توندوتیژیی خێزانی” و گرینگینەدانی یاسا و بێهزیستی بە بارودۆخی ناوبراو، بە پەنا بردن بۆ خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی پێنجشەممە ٦ی گوڵان، نیلووفەر شامحەممەدنژاد لە ڕێگەی خواردنی ڕێژەیەکی زۆری حەب، لە ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. شایانی باسە، ناوبراو چەندین جاری دیکەش هەوڵی خۆکوژیی دابوو. جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣وە، بەگشتی ١٥ کەس لە شارەکانی کوردستان، لەوانە ١٠ پیاو و ٥ ژن هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ٣ کەس لەوانەی کە خۆکوژیان کردووە کچانێک بوون کە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.