ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانان، “شیما ڕامێشک”، مێرمنداڵی قوربانیی منداڵ هاوسەری خەڵکی گوندی شێخلەری سەر بە شاری بۆکان لە ماڵە هاوبەشەکەی لەگەڵ هاوژینەکەیدا لە گوندی مەرجاناوێ سەر بە شاری میاندواو هەوڵی خۆکوشتنی دا و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو منداڵە قوربانییە بە هەڵواسینی خۆی لە ماڵەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دوای ٤٨ کاتژمێر، ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەرییەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. شایانی باسە، شیما ڕامێشک لە تەمەنی ١٣ ساڵان بە گوشاری بنەماڵەکەی ناچار بە قبوڵکردنی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ هاوژینە گەورەساڵانەکەی کرابوو. جێگای ئاماژەیە، پرسی هاوسەرگیریی منداڵان سەرەڕای دژایەتیی کۆمەڵایەتی و هەروەها یەکنەگرتنەوەی لەگەڵ بارودۆخی دەروونی و جەستەیی منداڵەکان، بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی مافی مرۆڤیشەوە دژایەتی لەگەڵ کراوە. ئەو بابەتە بەهۆی دەستتێوەردانی مەزهەب لە باری کەسایەتیی تاکەکان و نەبوونی چاودێریی یاسایی لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا، پێشێلکرانی زیاتری مافی ژنان و منداڵانی لێکەوتووەتەوە.