خەبات بۆ نەمانی هەڵاواردنی ژنان لە بازاڕی کار پێویستییەکی چینایەتییە
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، لە پاییزی ساڵی ١٣٩٩دا لە ئێران ٣١ ملیۆن و ٢١١ هەزار پیاو، تەمەنیان لەسەرووی ١٥ ساڵەوە بووە. لەم ژمارەیە ٢١ ملیۆن و ٤٥٧ هەزار کەسیان لە گرووپی دانیشووانی چالاکدا بوون. لەبەرئەویکە کاریان بووە و یان بەشوێن کارەوە بوون. بەم پێیە، ڕێژەی بەشداریی ئابووریی دانیشتووانی پیاو ٦٩ لەسەد بووە. هەروەها ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار باس لەوە دەکات کە ٣١ ملیۆن و ٢٢٨ هەزار ژن لە ئێران تەمەنیان لەسەرووی ١٥ ساڵەوە بووە. لەم ژمارەیە ٤ ملیۆن و ٢٩١ هەزار کەس وەک خاوەن پیشە و کارخواز چالاک بوون. بەم حیسابە بۆ دانیشتووانی ژن “ڕێژەی بەشداریی ئابووری” تەنیا ١٤ لەسەد بووە. کەوابوو ئەگەر لە نێوان ڕێژەی بەشداریی ئابووری لە ئێران و مامناوەندە جیهانییەکەی مەودایەکی بەرین بوونی هەیە و ڕێژەی بەشداریی ئابووری لە ئێران ٤١ لەسەدە، واتە ١٩ یەکە کەمتر لە مامناوەندە جیهانییەکەیەتی، ئەساسەن هۆکارەکەی بۆ ئاستی یەکجار لەخوارێی بەشداریی ژنان لە بواری ئابووری دەگەڕێتەوە. لەحاڵێکدا کە ڕێژەی بەشداریی ئابووریی پیاوان کە ٦٩ لەسەدە، هاوتەرازی زۆرێک لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەی جیهانە، بەهۆی شەپۆلی دەرکردنی سەرچاوەگرتوو لە قەیرانی ئابووری، پەتای کۆرۆنا و درێژەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بواری ئابووری لەساڵی ١٤٠٠ هاتووەتە خوارەوەی ١٤ لەسەد. لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا ١٥ لەسەد لە ژنانی لەسەرکار، پیشەکانی خۆیان لەدەست داوە. ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوان یەک و حەوت دەهومی لەسەد بووە. هەموو ئەمانە لەحاڵێک دان کە ٣ و نیو ملیۆن کەس لە سەرپرستانی بنەماڵە لە ئێران ژنانن.
ئەگەرچی ئەم ئامارانەی ئاماژەیان پێدرا تەنها گۆشەیەک لە ڕاستییەکانمان پێ نیشان دەدەن، بەڵام هەر ئەم ئامارانەش ڕێژەی باڵای بێکاریی ژنان لەچاو پیاوانی خوازیاری کار و هەڵاواردنی بەرینی ناو بازاڕی کار دژبە ژنان دەردەخەن. هەروەها ملیۆنان ژن لەناو ماڵ، لە مەزراکان، لە باغ و کۆرەخانەکاندا وەک ئەندامێک لە بنەماڵە بەخۆڕایی خەریکی کار کردنن. ئەمانە لەڕوانگەی دەوڵەتەوە کار بەحیساب نایەن و ئاکامی کارەکەیان لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت.
ژنانی لەسەرکار لە بازاڕی ڕەسمیدا لەگەڵ گەلێک کێشە و بێمافی بەرەوڕوون. زۆربەیان لە بەشی کشتوکاڵ و لەو کارگایانەدا کار دەکەن کە هێزی کارەکەیان کەمتر لە ١٠ کەسە و تەنانەت یاسای دژەکرێکاریی ڕژیمیشیان بەرناکەوێت. هەربۆیە بیمە ناکرێن و کەمتر لە لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراویان پێدەدرێت کە خۆی سێ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری دایە. خاوەنکار بەئیجبار ئیزافەکارییان پێدەکات و هیچ پارەکیان پێ نادات. ئەوان دەبێت بەڵێندار بن کە منداڵیان نابێت و تەنانەت هاوسەرگیری ناکەن. خاوەنکار لە ژنانی خێزانداریش بەڵێن وەردەگرێت کە لە مەرەخەسیی زایمان کەڵک وەرنەگرن. بەشێک لە کرێکارانی ژن دەکەونە بەر سووکایەتی و ئازاری سێکسییەوە. ژمارەیەکیان تەنانەت لە بەرامبەر دەستدرێژیی سێکسیی خاوەنکاراندا توانای بەرەنگاربوونەوەیان نییە. بۆ ئەو ژنە کرێکارانەش کە یاسای کار بەریان دەکەوێت باروودۆخەکە زۆر لەوە باشتر نییە. خودی ناوەندەکانی ئاماری دەوڵەت دانیان بەوە داناوە کە ئێران لە پێوەند لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستدا خاوەن هەرزانترین نرخەکانی حەقدەستە لەئاستی جیهاندا. ئەوان نووسیویانە کە زۆربەی ژنان تەنانەت لە باروودۆخی کاری هاوشێوە لەگەڵ پیاواندا، حەقدەستی یەکجار کەمتریان پێ دەدرێت. لەئێستادا خاوەنکاران وایان پێ باشترە کە لە زۆرێک لە کارەکانی بەڕێوەبەریدا کە پێویستی بە شارەزایی هەیە تەنانەت سەرەنج نەدەنە لێهاتوویی ژنانی خوازیاری کار و تەنیا بایەخ بە پیاوانی خوازیاری کار دەدەن. بەم حاڵەوە، لە زۆرێک لە پیشە سادەترەکان و ئەو بەشە لەو کارانە کە پێویستییان بە شارەزایی و لێهاتوویی نییە، ژنان دەکەونە ئەولەوییەتەوە. باروودۆخی ژنانێک کە لە بازاڕی کاری غەیرە ڕەسمیدا کار دەکەن یەکجار خراپترە.
ئەوەیکە لێرەدا بەکورتی ئاماژەی پێکرا بەشێکی چکۆلە لەو کێشانەیە کە ژنانی ناو بازاڕی کار ڕەسمی و ژنانی خوازیاری کار لەگەڵی بەرەوڕوون. بەڵام هەر ئەم کورتەیەش خۆی یەکجار دڵتەزێنە. باروودۆخێک کە ئەو بەستێنەی بۆ خاوەنکاران خوڵقاندووە تا چەوساندنەوەی بێسنوور و بێمافیی بەرین بەسەر ژناندا بسەپێنن، باروودۆخی تایبەت بە سەرمایەداریی قەیرانلێدراوی ئێستایە. لەژێر کاریگەریی ئەم باروودۆخە نامرۆڤانەیەدا ژنانی کرێکاری هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو و لە حاڵی گەشەدا، لە بێمافیی جۆراوجۆر ڕەنج دەبەن. بەڵام ژنانی ئێران لەچاو ژنان و پیاوانی کرێکار لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەدرای و تەنانەت هێندێک لە وڵاتانی لەحاڵی گەشە، بێمافیی زیاتریان بەسەردا دەسەپێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکوومەتی پارێزەری سەرمایە لە ئێران لە دیکتاتۆریی تۆخی ئایینی دژبە کرێکاران، بەتایبەت ژنانی کرێکار، کەڵک وەردەگرێت. بۆ نموونە یاسای دژەژنی ئیسلامی، ژنان ناوماڵ دیل و نانخۆری پیاو بەحیساب دێنێت. هەر ئەم بابەتە ڕێگە بە خاوەنکاران دەدات کە بە بیانووی ئەوەیکە ژنان ناندەرهێنەری بنەماڵە نین، لەبری کاری بەرابەردا حەقدەستی کەمتر لە پیاوانیان پێ بدەن و لە ناوەندە کارە یەکجار نائەمنەکاندا، بەتوندی بیانچەوسێننەوە.
نیوەی چینی کرێکار لە ژنان پێکهاتووە. هەرچی داسەپاندنی بێمافی لەلایەن دەوڵەت و خاوەنکارانی بەشی دەوڵەتی و خسووسییەوە دژبە ژنان زیاتر بێت، پیاوانی کرێکاریش زیاتر زیانیان بەر دەکەوێت. بەپێی زەروورەتی چینایەتی پێویستە ژنان و پیاوان شان بە شانی یەک تێ بکۆشن و خەبات بکەن تا وەزعی چینی کرێکار باشتر بێت. ئەم خەباتە خەباتێکی چینایەتییە کە دەتوانێت شێوازی جۆراوجۆر بەخۆی بگرێت. ژنان و پیاوانی کرێکار لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە خاوەنکارانی دەوڵەتی و غەیرەدەوڵەتی ناچار بکەن کە لە داسەپاندنی ئەو بێمافییانەی کە تەنانەت لە ڕوانگەی یاسای کاری کۆنەپەرستانەی ئێستاشەوە نایاسایین، دەستهەڵگرن. خەبات بۆ دانی حەقدەستی بەرابەر لەبری کاری هاوشێوە دەتوانێت بوارێکی دیکە لە خەبات بێت. کرێکارانی ژن و پیاو لە ئێران نابێ ڕێگە بدەن کە خواترین ئاستی حەقدەستی جیهانیان پێ بدرێت. خەباتی یەکگرتووانە بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست زەروورەتێکی سەرەتاییە. بەشێوەی گشتی، وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی داخوازی کە لەم ڕێگەوە ژنان و پیاوانی کرێکار بتوانن خۆیان لە ڕێکخراوە چینایەتی و سیاسییەکاندا ڕێک بخەن، لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران بە ئاسۆی سۆسیالیستییەوەیە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان وەک بەشێک لە چینی کرێکار و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لەم خەباتەدا ڕێگای پێشڕەوی نیشان دەدات.