ئیبراهیم ڕەئیسی هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی و بەلەبەرچاوگرتنی دەستووری کاری ئەم شۆرایە سەبارەت بە حیجاب و عیفاف، وێڕای ئاماژە بەوەیکە دوژمنانی ئێران و ئیسلام بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕی بەرینی مەهوارەیی و مەجازی بە پەرەپێدانی فەساد، ئیستقامەتی فەرهەنگی و بنەماکانی بایەخ و دینی کۆمەڵگەیان کردووەتە ئامانج، فەرمانی بە دەبیرخانەی ئەم شۆرایە دا تا بە هاوکاریی هەموو دەزگا و ناوەندە فەرهەنگی و ئیجراییەکان لەپێناو جێبەجێ کردنی یاسای پەسندکراوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و یاسای ١٣٨٤ی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی هەوڵی زیاتر بدەن. لە هەمان حاڵدا ئیسماعیل ڕەحمانی جێگری دادستانی مەشهەد لە کۆبوونەوەی هەماهەنگیی یەکەمین نومایشگای خانەوادەی ئۆستانی خوراسانی ڕەزەوی وتی: “لە نامەیەکدا کە بۆ فەرمانداری ناردوومانە، داوامان لە فەرمانداری مەشهەد کردووە کە خزمەتگوزاری بۆ کەسانی بەدحیجاب لە ئیدارە و بانکەکان قەدەغە بکرێت”. ئۆستانداری ئۆستانی فارس محەممەد هادی ئیمانییەش ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی مانگی پووشپەڕ لە جەلەسەی شۆرای ئیداریی ئەم ئۆستانەدا تا کۆتایی ئەم مانگەی دەرفەت بە سازمان و ئیدارەکان دا تا مەسەلەی پێوەندیدار بە حیجاب و ئیراداتی پۆششی ئیسلامی چارەسەر بکەن. ناوبراو وتی: “چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە لە ئیدارات پۆششی ئیسلامی ڕەعایەت بکرێت. کەسانێک کە ناتوانن لەم چوارچێوەیەدا خۆیان بگونجێنن، بڕۆن مەرەخەسیی بێ حقووق وەربگرن تا کاتێک کە بتوانن ڕێز لەم یاسایانە بگرن.” هەروەها لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بە وەڕێخستنی هەڵمەتێک بە هەشتەگی “حیجاب بێ حیجاب” داوایان لە هەموو ژنانی ئێران کردووە کە ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ کە لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیدا “ڕۆژی حیجاب و عیفاف” ناوی لێندراوە، بە لابردنی حیجاب، ناڕەزایەتیی خۆیان دژبە یاسای پۆششی ئیجباری لە ئێران نیشان بدەن.
لەم ڕۆژانەدا دیاردەی بەدحیجابی نەتەنیا ئیبراهیم ڕەئیسی و ئیمامانی جومعە، بەڵکوو ئۆستانداران، فەرماندە نیزامییەکان، نوێنەرانی مەجلیس و کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی نیگەران کردووە. هەموو کارگێڕانی ڕژیم لەم بوارەدا دانیان بەوە داناوە کە ڕەعایەت نەکردنی حیجابی ئیسلامی بووەتە بابەتێکی هەمەگیر. سەرانی ڕژیم دەزانن کە پەرەسەندنی بەدحیجابی یەکێک لە نیشانەکانی قەیرانی ئایدیۆلۆژیکی ڕژیمی ئیسلامییە و لەڕاستیدا ناڕەزایەتییە دژبە نەفسی ڕژیمی مەزهەبی و هەربۆیە ئەوان لەم ڕوانگەوە نیسبەت بە عەواقبی بەدحیجابی هۆشدار دەدەن.
ئەم وتانە و ئەم جۆرە دەربڕینی نیگەرانییانە هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە مێشک وشکی و کۆنەپەرستیی تۆخی سەران و کارگێڕانی ڕژیم نیشان دەدات، لە هەمان حاڵیشدا نیشانەی واقعیی گۆڕانی باروودۆخ و هاوسەنگیی هێزە لەئاستی کۆمەڵگەدا. ئەم هاوسەنگیی هێزە تازەیە بەرە بەرە و لە ئاکامی زیاتر لە چل ساڵ خەباتی ژنان دژبە ئاپارتایدی جنسی و سیاسەتی دژەژنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووەتە ئەمری واقع. خەباتی نەپساوەی ژنان لەماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوو و بۆ نموونە بەشداریی بەرین و بوێرانە و ڕووحیەی تەعەڕوزیی ژنانی ئازادیخواز لە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، سەرچاوەی ئەو موقاومەتە بەرینەیە کە ئەمڕۆ لە بواری خەبات دژبە حیجابی ئیجباری خۆی نیشان داوە و ڕەئیسی و ئیمام جومعەکان و کاربەدەستانی ڕژیم و فەرماندەکانی هێزی ئیتزامیی هەراسان کردووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەوپەڕی کردەوەی دژەئینسانی و جەنایەتکارانەی خۆی بەرامبەر بە خەباتی ژنان بۆ وەدی هاتنی مافەکانیان ئەنجام دا و بە دەستبەسەرکردن، شەلاق و زیندان و ئەشکەنجە هەوڵی دا تا ژنانی خەباتکار و ئازادیخواز چاوترسێن بکات. بەڵام حزووری ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات و ژیانی کۆمەڵایەتی نیشانی دا کە ژنانی ئێران بۆ گەیشتن بە خواستە ئینسانییەکانی خۆیان ڕێگای خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەریان گرتووەتە بەر و کردەوەی جەنایەتکارانەی ڕژیم ناتوانێ بەر بە عەزم و ئیرادەیان بگرێت. ئەمڕۆ ئاکامی وەها خەباتێکی گیانفیدایانە و درێژخایەن و سەنگەر بە سەنگەری ژنان، لە جەماوەری بوونەوەی خەبات دژبە حیجابی ئیجباریدا دەبینین.
دیارە مەسەلەی جیجابی ئیجباری تەنیا یەکێک لە شێوازەکانی ستەمی ژنان لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەی ئیسلامیدایە. خەبات دژبە حیجابی ئیجباری بە تەنیا ناتوانێ بەرینایی خەباتی ڕزگاری بەخشی ژنانی ئێران نیشان بدات، بەڵام موقاومەت بەرامبەر بەم یاسا و سوننەتە کۆنەپەرستانەیە، ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە موقاومەت و خۆڕاگری بەرامبەر بە یاسا ئیسلامییەکان و نادیدەگرتنی دەستووراتی حکوومەتی. دیاردەی بەدحیجابی کە بەمجۆرە ڕەئیسیی جەلاد و باقیی کارەبەدەستانی کۆنەپەرستی ڕژیمی نیگەران و هەراسان کردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستێک کە ڕژیم توانای کۆنتڕۆڵکردنی لەدەست داوە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ سەرشەقامەکان بۆ پاشەکشە پێکردن بە لەشکری ملیۆنیی ژنانێک کە لەڕێگەی لابردنی ڕووسەرییەکانیان ڕژیمی ئیسلامی و یاساکانیان بردووەتە ژێر پرسییارەوە، کافی نییە. جەماوەری بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لە بەرامبەریدا داماو و بێ توانا کردووە. هەراوهوریای ئیمامانی جومعە و هەڕەشەی فەرماندە نیزامییەکان و سەرۆکی پۆلیس، نەک نیشانەی هێز و توانای ئەوان بەڵکوو لەڕاستیدا دان پێدانان بە شکستیانە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی دەسەڵاتیدا هەرچی لە توانای دابووە دژبە ژنانی ئەم وڵاتە بەکاری هێناوە. ڕژیم لە بواری پەسندکردنی یاسای نوێ و داسەپاندنی زۆر و توندوتیژی ڕاستەوخۆ بۆشاییەکی نەهێشتووەتەوە تا ئەمڕۆ بیهەوێ پڕی بکاتەوە. بەڵام واقعییەتی نیگەرانیی سەرانی ڕژیم لەو پێگە تازەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەمڕۆ بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بەدەستی هێناوە.
بزووتنەوەی ژنانی ئێران بەهۆی بەشداریی بەرچاوی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات ئیعبارێکی کۆمەڵایەتیی بەرینی بەدەست هێناوە و پشتیوانیی بەشێکی بەرین لە ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی بەرەوخۆی ڕاکێشاوە. چالاکان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی ژنان ئەزموون و متمانەبەخۆیی زیاتریان بەدەست هێناوە. هەروەها لەماوەی ئەم ساڵانەدا شایەدی کەوتنە پەراوێزی زیاتری ڕەوتی بورژوا لیبرال بووین کە هەوڵ دەدات خەباتی ژنانی ئێران لە دەوری داخوازی بۆ خاوکردنەوەی یاسای شەریعەتی ئیسلامی بگرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و بە هیوادار بوون بە فتوانی ئایەتوڵڵا ناڕازییەکان و پەرەپێدانی ڕووحیەی چاوەڕوانی و موحافزەکاری، خەباتی ڕەهایی بەخشی ژنان بخاتە حاشیەی جەرەیانی ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتییەوە و بیکاتە ئامرازی بەدەسەڵات گەیشتنەوەی دووبارەی ئەم جەناحە لەناو ڕژیمی ئیسلامیدا. نیگەرانییەک کە لە کاربەدەستانی ڕژیمەوە دەیبیستین و واقعییاتێک کە دەیبینین، نیشانی دەدات کە ئەم ئاراستەیە لە کاری خۆیدا سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە و بزووتنەوەی ژنانی ئێران بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی ئەوان ڕەوتێکی ڕادیکاڵی گرتووەتە بەر.
خەباتی شان بە شانی ژنان و پیاوانێک کە داسەپاندنی حیجابی ئیجبارییان پێ سووکایەتی بە حورمەتی ئینسانە، دەتوانێ بە سەرکەوتن بگات. کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی حیجابێک کە بە زەبری سەرکوت لەسەریان کراوە، بەکردەوە یاساکانی ئەم بوارە هەڵوەشێننەوە. بێگومان هەڵمەتێک کە لەم بوارەدا دەستی پێکردووە دەکرێ بەسەرەنجام بگات. ڕژیم لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ بەدحیجابیدا کەوتووەتە سەر لێواری هەڵدێر. حیجاب بێ حیجاب. حیجابەکان فڕێ بدەن.