لە حاڵێکدا کە قەیرانی ئابووریی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر و بەرینتر دەبێتەوە، لەحاڵێکدا کە تەوەروم و گرانی توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی یەکجار هێناوەتە خوارێ، لە حاڵێکدا کە بازاڕ و کەسب و کاری زۆربەی فرۆشیارانی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک بەرەوڕووی ڕکوود بووەتەوە، لەحاڵێکدا کە ژیان و گوزەرانی بەشێکی زیاتر لە جەماوەری خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، لە وەها بارودۆخێکدا عەلی خامنەیی هەفتەی ڕابردوو دووبارە هاتە دەنگ و هۆکاری بارودۆخی قەیراناوی و “لاوازبوونی ئابووری”ی ئێرانی بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان گەڕاندەوە. هەڵبەت ئەو نیگەرانی ئەوزاعی فەلاکەتباری ژیانی دەیان ملیۆن کەس لە کرێکاران و خەڵکی ئێران نییە بەڵکوو نیگەرانیی ئێستای ئەو بەشداری نەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویە کە دەیهەوێ مەشرووعیەتی ئیدامەی دەسەڵاتەکەی لە سندووقەکانی دەنگدانەوە دەرکێشێ. خامنەیی هەفتەی پێشوو وتی “ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن دوژمنی ئیسلام و کۆماری ئیسلامین”، بەڵام خۆی باش دەزانێ کە ئەم جۆرە هەڕەشانە، لەسەر بڕیاری خەڵک بۆ بەشداری نەکردنیان لەم گاڵتەجاڕییە کاریگەری دانانێ. لەم ڕووەوە ئەمجارە بێشەرمانە و فریوکارانە دەیهەوێ قەیرانی ئابووری و ژیان و گوزەرانی سەختی کرێکاران و جەماوەری بێبەش بە بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنەکان پەیوەند بدات و خەڵک بە تاوانبار و هۆکاری ئەم ئەوزاعە قەیراناوییە پێناسە بکات. خامنەیی میدیاکانی سەربە دوژمنیشی بە خەتابار وەسف کرد کە “کەموکوڕی و سەختییە ئابوورییەکان لەقاو دەدەن”.
بێگومان خامنەیی سەبارەت بە هۆکاری ڕاستەقینەی قەیرانەکان و بەتایبەت قەیرانی ئابووری، خۆی لە نەزانی دەدات. ئەگینا باش دەزانێ کە هۆکاری وجوودی ئەم قەیرانانە بێجگەلە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری، ڕیشەی لە هۆکارەکانی دیکەدایە. بۆ نموونە پێکهاتەی سیاسی ئایدیۆلۆژی و ئیداری حکوومەتی خودی کۆماری ئیسلامی. پێکهاتەی دیکتاتۆری کە تێیدا باندی مافیای سپای پاسداران و دەزگای ڕووحانیەت دەستیان بەسەر ٨٠ لەسەدی ئابووریی ئێراندا گرتووە و بە هیچ کەسیش وڵامدەرەوە نین. پێکهاتەیەک کە تێیدا هەموو ڕۆژێ پەروەندەی گەندەڵی و دزی و ئیختلاسی دەیان و سەدان هەزار ملیاردی مەسئوولان و کاربەدەستان و دەست و پێوەندەکانی ئەم نیزامە گەندەڵە ئاشکرا دەبێت. پێکهاتەیەک کە سیاسەتی دەخاڵەتگەری لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە یەکێک لە ستراتێژییەکانی مانەوەی ڕژیم بووە و ئەم سیاسەتە نەتەنها هەزینەی کەڵانی بەسەر سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندووە بەڵکوو بووەتە هۆی کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی سەدان هەزار کەس لە وڵاتانی ناوچەکە. گەمارۆی ئابووریش کە دەیان ساڵە بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و هەژاری و برسیەتیی زیاتری خەڵک، لە ئاکامەکانی ئەم سیاسەتە زێدەخوازانە و دەخاڵتەگەرانەیەی کۆماری ئیسلامییە. لەڕاستیدا ئەم هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی هەژاری و برسیەتیی خەڵکی ئێران. نەک وەک خامنەیی دەڵێ “بەشداری نەکردنی خەڵک” لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنە فەرمایشییەکاندا.
هەڵبەت نەبوونی تەمایول و هۆگرایەتیی خەڵک بۆ بەشداری کردن لە مەراسیم و بەرنامە و بۆنەکانی ڕژیمی ئیسلامی و بۆشایی قووڵی نێوان جەماوەری خەڵک و حکوومەتی ئیسلامی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش قووڵتر دەبێتەوە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. وە بێگومان ئەمەش خۆی یەکێک لە ئاکامەکانی بنبەست و وەرشکستەیی ئابووری و سیاسەتی سەرکوتگەرانە و دژەئینسانیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. چاوەڕوانیی خامنەیی بۆ بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم بەتایبەت دوای ئاخێزەکانی ساڵی ٩٦ هەتا ئێستا، دوای کوشتار و سەرکوتی وەحشیانەی خەڵک لەلایەن دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، بەڕاستی چاوەڕوانییەکی بێشەرمانەیە. درێژەی سەرکوتی مانگرتنە کرێکارییەکان تەنها بەخاتری ئەوەیکە خوازیاری ژیانێکی شیاوی ئینسانن، هەڵسووکەوتی سەرکوتگەرانە بەدژی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، ئەزیەت و ئازار و لێدانی وەحشیانەی شەلاق و ئەشکەنجەی ژنان بەتاوانی قەبووڵنەکردنی حیجابی ئیجباری، ئەم هێمایەی تەحقیر و بێمافیی ژن لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی، هەر هەموویان نیشانەی هەڵسووکەوتی دوژمنانەی کۆماری ئیسلامی بەدژی ئەوان و هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگایە.
کردەوە و سیاسەتی زیاتر لە چوار دەیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی بۆشایی مەزن و دوژمنایەتیی توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر ڕژیمی ئیسلامی و دەسەڵاتی دینی. بۆشاییەک کە زۆرێک لە کارگێڕانی ڕژیم لەئاستە جۆراوجۆرەکاندا دانیان پێداناوە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی مانگی بەفرانبار جێگری بەناو کلتووری و کۆمەڵایەتیی سپای پاسداران دانی بەوە دانا کە: «هەڵبژاردنەکانی ئێمە هەر وەکوو غەززە لە هەموو لایەکەوە لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ دراوە. فەزای مەجازی لە ئیختیار دوژمناندایە و خەڵکیش زۆر هۆگری تەماشاکردنی تەلەڤیزیۆنی حکوومەت نین”. ئەم پاسدارە نەفامە دەست بە داوێنی بەسیجییە مەنفوورەکان بوو و داوای لێکردن کە بۆ تەبلیغ و ملهوڕیکردن لە خەیابانەکان بڕۆنە ناو خەڵکەوە. چەند مانگ لەمەوبەریش نووری هەمەدانی، لە مەراجعی تەقلید، ئیعترافی کرد کە: « بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بەدەستمان گەیشتووە مزگەوتەکان ڕوو بە چۆڵ بوون دەچن. خەڵک تەنانەت بۆ نوێژکردنیش ناچنە مزگەوت. بۆچی وای لێهاتووە؟”. خامنەیی بۆ پاساوکردنی وەها دۆخێک وتی: «سیاسەتی ستراتێژیکی دوژمن بردنەدەری خەڵک لە مەیدانە. هەرکات توانیویانە بەربە بەشداری و هاتنە مەیدانی خەڵک بگرن، دوژمن سەرکەوتووە”. بەڵام لەڕاستیدا تەنها بژاردەی خامنەیی بۆ درێژەدانی پێگەی خۆی و دەسەڵاتەکەی هێزی سەرکوتی حکوومەتییە. لەم ڕووەوە خامنەیی لە وتارەکەی ئەم دوایانەیدا وێڕای تاریفکردن و پێهەڵکوتن بە دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیم وتی: «زۆرێک لە کێشەکانی کۆماری ئیسلامی بە یارمەتیی ئەم کەسانە چارەسەر کراوە”. هەروەها بۆ دیفاع لە ڕەئیسیی قاتڵ وێڕای ئیعتراف بە بوونی قەیران و کێشەی ئابووری هۆشداری دا کە “نابێ بێڕێزیی پێ بکرێت. ئەوە دەوڵەتەکانی پێشوو بوون کە کێشەی ئابوورییان پێکهێنا و سیاسەتە ئیبلاغییەکانیان بەتەواوی بەڕێوەنەبرد و ئەوەیکە کردیشیان نیوەی بە گەندەڵ دەرچوو”.
بەڵام بێگومان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لەئاست سرووشتی سەرمایەدارانە و دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامی هیچ تەوەهوم و خۆشباوەڕییەکیان نییە. باش دەزانن کە هەتا ئەم ڕژیمە لەسەر کار بێت ئاسۆیەک بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری و نەهامەتی و سەرکوت و هەڵاواردن و بێمافی بوونی نییە. ئەوەیکە چارەنووسسازە درێژەی مانگرتنە کرێکارییەکان بەتایبەت لە ناوەندە سەنعەتییە سەرەکییەکان و ناڕەزایەتیی سەرانسەری و سازماندان و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەرییە کە دەتوانێ بە هێزی ڕێکخراو و سازماندراو پێداویستییەکانی ڕیشەکێشکردنی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران ئامادە بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە