مستەفا حەمدی، چالاکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز، دوای تێپەڕبوونی ماوەی ٢۵ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ماوەی دەستبەسەر بوونی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەمدی، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە و دابینکردنی بارمتەی پێویست کە لە لایەن ئیتلاعاتی سەقزەوە داوا کراوە، ڕێگری لە ئازادیی کاتیی ناوبراو کراوە. مستەفا حەمدی، بەڕێوەبەری لاپەڕەی “پرسمان” لە سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە تەلاری میلادی ئەو شارە، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی” دەستبەسەر کراوە.
ئەو ڕاگەیاندنکارە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو کە حوکمەکەی بۆ ماوەی ١۶ مانگ کەم کراوەتەوە.