بەپێی ڕاپۆرتەکان، “بورهان سەعیدی” چالاکی کرێکاری و خەڵکی شاری سنە، سەرەڕای دژواری و گوشاری نەخۆشییەکەی و تێپەڕبوونی ٢٢ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی، هەروا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بورهان سەعیدی، تەمەن ۵٩ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە نەخۆشیی دڵی هەیە، هەتا ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانە تایبەتەکانی و چارەسەریی پزیشکی، بێبەری و بێبەش کراوە و هەروا لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە. شایانی باسە، ناوبراو تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە. جێگەی ئاماژەیە، بورهان سەعیدی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی گوڵان، پاش بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرابوو.