کرێکارانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار، بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی داخوازییەکانیان، دەستیان لەکار کێشایەوە و لە شوێنی کارەکەیان دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کرێکارانی ناڕازی بەدوای هەوڵی پێشگیرانەی بەڕێوەبەری گشتی ئەم ناوەندە بەرهەمهێنەرە سەبارەت بە پێشگرتن بە چوونەژوورەوەی ٣٨ کرێکاری ئەم ناوەندە و هەروەها بەکردەوە دەرنەهێنانی درووستی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان، ڕۆژی شەممە کرێکارانی هەموو بەشەکانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت. شایانی باسە، کرێکارانی ناڕازی بەدوای دەست لەکار کێشانەوە، لە بەرامبەر نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی شیرکەت کۆبوونەتەوە و پاشان تا گۆڕەپانی “بەقایی” ئەمشارە ڕێپێوانیان کردووە.