هێرشی نیزامیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین وێرانکاری و کوشتاری قەرەبوونەکراوەی لێ دەکەوێتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە ئەم شەڕە هێمای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەئاستی نێونەتەوەیی و داڕشتنەوەی نەزمی جیهانیی نێوان بلۆکە ئیمپریالیستییەکانە، گەلێک دواهاتی ڕاستەوخۆ لە بواری جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەئاستی جیهانیدا بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەگەرچی ئابووریی جیهان لەم سەردەمەدا یەکجار بەشێوەیەکی ئاڵۆز تێکهەڵکێشراوە، بەڵام ناکۆکیی ژێئۆپۆلیتیکی و گرژی لەسەر هێژمۆنی و زاڵبوونی دەوڵەت و بلۆکە ئیمپریالیستییەکان بەسەر یەکتردا، بەردەوام بەرهەم دێتەوە و توندتر دەبێتەوە. لەم ڕووەوە دواهاتی ڕاستەوخۆ و سەرسووڕهێنەری شەڕ لە ئۆکراین، بە سنوورەکانی جوگرافیای ڕووسیا و ئۆکراینەوە سنووردار نابێت، بەڵکوو پانتاییەکەی یەکجار بەریترە و ئاڵوگۆڕی گەورە لە ئاستی جیهانیدا دەخوڵقێنێت. لێرەدا هێندێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بەشێوەی گشتی شی دەکەینەوە.
یەکەم، ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە لە باروودۆخێکدا ڕوویدا کە ئابوورییە نەتەوەییەکان لە دابەشکاریی نێونەتەوەیی کاردا بەشێوەیەکی یەکجار ئاڵۆز و ناهاوسەنگ تێکهەڵکێشراون و بە یەکەوە گرێ دراون. دواهاتەکانی سەرهەڵدانی قەیرانەکان لە هەر شوێنێکی جیهان کەموزۆر لە ئاستی جیهانیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت و ئابووریی جیهان بەرەوڕووی ناسەقامگیری و قەیرانی وێرانکەر دەبات. لەو جێگەوە کە ڕووسیا و ئۆکراین پێکەوە ٢٥ لەسەدی هەناردەی گەنمی جیهان بەخۆیان تەرخان دەکەن، ئەم شەڕەی ئێستا کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دابینکردنی خۆراک لەئاستی جیهانی دادەنێت. نرخی خۆراک دەچێتە سەرێ و زۆرێک لە وڵاتانی هەژار لەگەڵ کەمبوونی دانەوێڵە بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ لەسەر باروودۆخی ژیانی زۆربەی کرێکاران و خەڵکی بێبەش کاریگەری دادەنێت. ئەگەرچی بەر لەم شەڕەش بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی جیهان لە هەژاریی بێسنووردا دەژیان و قەیرانی کۆرۆناش بەرینتری کردبووەوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە، بەشێوەیەکی کارەساتبار هەژاری و برسییەتی پەرەپێدەدەن. هەروەها لەئاکامی شەڕ لە ئۆکراین و داسەپاندنی گەمارۆی قورسی ئابووری بەسەر ڕووسیا، ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی نرخی نەوت و گاز پانتاییەکی بێوێنە بەخۆی دەگرێت. هەتا ئێستا نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنت لە ١١٥ دۆلار تێپەڕیوە و گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا. هەروەها نرخی گاز لە جیهاندا چوونەسەرەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک کە لە ئەورووپا ڕێکۆردی مێژوویی تۆمار کراوە و تا ٦٠ لەسەد چووەتە سەرێ. وابەستەبوونی زۆری وڵاتانی ئەورووپایی بە نەوت و گازی ڕووسیا، ڕەوتی چوونەسەرەوەی نرخی سەرچاوەکانی سووتەمەنیی خێراتر کردووەتەوە. ئاشکرایە کە چوونەسەرەوەی نرخی سەرچاوەکانی وزە، هەم لەسەر بژێوی حەقدەستوەرگران و کەسانی کەم داهات کاریگەریی بەرچاو دادەنێت و هەم دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی باقیی بەرهەم و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک و بەشوێنیدا، قەیرانی ئابووری و بێسەرەوبەرەیی کۆمەڵایەتی لە ئەورووپا و باقیی شوێنەکانی دیکەی دنیا قووڵتر دەبێتەوە.
دووهەم، شەڕ لە ئۆکراین گرژیی ژێئۆپۆلیتیکی و بلۆکبەندییە نێوەدەوڵەتی و ئیمپریالیستییەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا بەرەو دۆخێکی مەترسیدارتر دەبات. زلهێزەکانی ڕۆژاوا هەتا ئێستا بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕووسیا نەبوونەتەوە و لەگەڵی دەستیان نەداوەتە شەڕ و بەکردەوە دەوڵەتی ئۆکراینیان لەم شەڕە نابەرابەرەدا “بەتەنیا” هێشتووەتەوە و تەنها بە ناردنی سەرچاوەی ماڵی و کەرەستەی نیزامی ئیکتیفایان کردووە. سەرانی ناتۆ لەناو دەوڵەتانێکدا کە هێستا نەبوونەتە ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ، ئەو نیگەرانییە پەرەپێدەدەن کە ئەگەر دەیانهەوێ لە “شەڕ” ی هێرشی سەربازی و زێدەخوازیی بلۆکی ڕووسیا و چین لە ئەماندا بن، چارەیەکیان بێجگەلە پەیوەست بوون بە ناتۆ نییە. ئەگەر ئیمپریالیسمی ئەمریکا لە جەرەیانی هێرش بۆسەر ئەفغانستان و عێراق، بەشێکی بەرین لە وڵاتانی جیهانی لە دەوری پروپاگاندای “شەڕ دژبە تیرۆریسم” خستە پشت سەری ناتۆ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردە زەلکاوی خوێن و وێرانە، ئەمجارەشیان بە پەرەپێدانی وتاری مەترسیی بووژانەوەی ” ئیمپراتووریی ڕووسیا”، مەیل بۆ پەیوەستبوون بە ڕێکخراوی ناتۆ و میلیتاریزەکردنی زیاتری ئەورووپا بەهێز دەکات. لەوبەری ئەم کێشمەکێشانەشدا، ئەم شەڕە تەبلیغاتییە، وڵاتانی بلۆکی چین و ڕووسیا بەرەو کاردانەوە دەبات و ئەوان بەرەبەرە بۆ لای هاوکاری نیزامی و ئەمنییەتیی زیاتر پاڵ پێوەدەنێت. ئەم ئاراستەیە ڕێزبەندییە دەوڵەتییەکان توندتر دەکاتەوە و چڕبوونەوەی هێزی سەربازی و بەهێزبوونی بلۆکبەندییە ئیمپریالیستییەکان زیاتر پەرەپێدەدات.
سێهەم، هەروەک هەتا ئێستا شایەدی بووین، لەماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا کێبەرکێی نیزامی پانتایی بەرینتری بەخۆی گرتووە. هێرشی ئاسمانی و زەمینیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین و ڕەوانەکردنی کەرەستەی بەرین و جۆراوجۆری نیزامی بۆ ئۆکرایان لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ، بەکردەوە ئۆکراینی کردووەتە گۆڕەپانی خۆفناکی کوشتار و خوێنڕێژی. هەروەها دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژاوا بوودجەی بەرین و سەرسووڕهێنەریان بۆ کڕینی کەرەستەی نیزامی و شەڕ تەرخان کردووە. بۆ نموونە بەشێوەیەکی بێوێنە دەوڵەتی ئاڵمان بڕیاری داوە تا ١٠٠ ملیارد یۆرۆ بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی تەرخان بکات و ڕایگەیاندووە کە لەمەبەدوا و هەموو ساڵێ، زیاتر لە دوو لەسەدی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئاڵمان کە دەکاتە زیاتر لە ٧٦ ملیارد دۆلار، لە بواری “بەرگری”دا سەرمایەگوزاری دەکات. لە جەرگەی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا بازاڕی کۆمپانییەکان و پیشەسازیی سەربازی زیاتر لە هەموو کاتێک گەرم و پڕ ڕەونەقە و نرخی پشکی پیشەسازیی سەربازی و کەرەستەی شەڕ و بانکەکان بەشێوەی بەرچاو بەرز بوونەوەتەوە. لەو نێوەدا باس و ئاراستەی بردنەسەرەوەی بوودجە و سەرمایەگوزاری بۆ کڕینی ئامرازی شەڕی پێشکەوتوو و وێرانکەر لەناو وڵاتانی ئەورووپاییدا گیانێکی تازەی بەخۆی گرتووە. گومان لەوەدا نییە کە خەرجی بەرینی سەربازی و کەرەستەی شەڕ لە گیرفانی کرێکاران و هەژارانەوە دەدرێت و لە هەمان حاڵدا تێچووی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەکرێتەوە. لەوەش گرینگتر فەزای میلیتاریسم و شەڕخوازی، زۆربەی خەڵکی جیهان دەخاتە ناو شەڕی ماڵوێرانکەرەوە و جیهان زیاتر لە هەموو کاتێک نائەمن و ناسەقامگیر دەکات. ئەگەر ئەمڕۆ جمووجۆڵی نیزامیی ناتۆ لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، ئیمپریالیسمی ڕووسیای لەدرێژەی سیاسەتی زێدەخوازانەیدا بەرەو دەخاڵەتی نیزامیی لە ئۆکراین برد، بەستێنەکانی تێکهەڵچوونی سەربازی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەشێوەیەکی بەهێز خوڵقاون. ئەوەیکە لەئێستادا لە ئۆکراین دەیبینین، دوور نییە لە ناوەندە قەیراناوییەکانی هێندێک لە ناوچەکان، بۆ نموونە لە نێوان چین و باقیی دەوڵەتانی ناوچەی ئۆقیانووسیە دووپات بێتەوە و کارەساتی خۆفناکتر بخوڵقێت.
سەرەنجام، مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ لە بەرامبەر دوو ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیسم یان بەربەرییت دایە. ئاشکرایە کە شەڕنانەوە و کێبەرکێیی خوێناویی نێوان دەوڵەتان و بلۆکەکانی سەرمایەداری، گیان و نان و ماڵی زۆربەی خەڵکی هەژاری جیهان بەرەو نابوودی و بەربەرییەتێکی بەتەواو مانا دەبات و سێبەری نگریسی شەڕی ئیمپریالیستی بۆ ساتێکیش ئەمان بە مرۆڤایەتی نادات. کەوابوو، ئەرکی مێژوویی و خەباتکارانەی چینی کرێکار، خەڵکی ئازادیخواز و هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە سەرتاسەری جیهانە کە وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی ئیمپریالیستیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین و جمووجۆڵی نیزامیی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، هاوکات بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین پێداویستییەکانی کۆتایی هێنان بەم شەڕە وێرانکەرە خێراتر بکەنەوە و خەباتی خۆیان بەرەو پەیکاری چینایەتی دژبە دەوڵەتانی سەرمایەداری دەسەڵاتدار لەم وڵاتانە و دژبە گشت جەمسەرە ئیمپریالیستەکان بەرن. بێگومان ستەملێکراوان نابێ بکەونە بەرەی کۆنەپەرستانەوە، بەڵکوو دەبێ هەوڵ بدەن بە کۆبوونەوە لە ڕیزی سەربەخۆی خۆیاندا، خەبات بۆ سۆسیالیسم بگرنەبەر و مێژووییەکی دیکە ڕەقەم لێ بدەن.