رۆژی هەینی ١٩ی خەزەڵوەر، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ ١١ هەزار و ٧٨ کەس بەرزبووەتەوە کە لەو ژمارەیە، چوار هەزار و ٥٠٦ کەسیان منداڵن.
سەبارەت بە ئاماری بریندارانیش، تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، ٢٧ هەزار و ٤٩٠ کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکان لە کەرتی غەززە برینداربوون. شەڕی نێوان سپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، ٣٥ رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە. شایانی باسە، زیاتر لە زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش بە بارمتە لە لایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، دوای ئەوەی رۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کردووە.