لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ خەرمانان، لانیکەم ٨ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کوژراون و زیاتر لە ٢٨١ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە توندوتیژییەکی زیاترەوە وەڵامی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانیان دایەوە و لانیکەم ٨ هاووڵاتی و لەوانەش دوو مێردمنداڵی ١٥ و ١٦ ساڵەیان لە شارەکانی ئورمیە، شنۆ، شائاباد، و ئەیوان کوشتووە.
ناوی ئەو کەسانە بریتین لە؛ سەعید محەممەدی، موحسین قەیسەری، ئەمین مەعریفەت ١٦ ساڵە، میلان حەقیقی، سەدرەدین لیتانی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور ١٥ ساڵە، مەتین عەبدوڵلاپوور و دانش ڕەهنەما.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان لانیکەم لە ١٢ شاری ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، پاوە، شائاباد، ئەیوان و بۆکان، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، ڕژانە سەر شەقامەکان. و بە دەستێوەردانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی چوون و لە ئەنجامدا ٨ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد گیانیان بەخت کرد و ٢٨١ کەسیش بریندار بوون.