ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦١ ساڵی خەڵکی “ئێرانشا”ی سەر بە شاری سەقز، بەبێ ڕاگەیاندنی پێشتری بڕیاری دوورخرانەوەی بە بنەماڵەکەی، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بۆ زیندانی ناوەندیی کاشمەر دوور خرایەوە.
ئەمین مەلەکی، ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی پارەکە، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرایەوە.
شایانی باسە کە، دەستبەسەرکرانی ئەو بەندکراوە سیاسییە لەم دوایییانەدا، بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزای چوار ساڵ بەندکران لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی پێشووی ناوبراودا بووە کە بەپێی سزاکەی دەبوو لە شاربەدەری و لە بەندیخانەی شاری کاشمەر تێپەڕی کردبایێت.
ئەمین مەلەکی ساڵی ۱۳۹۱ ، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای یەک ساڵ و لە حالێکدا کە مافی مەرەخەسی پێدرابوو، لە ئێران ڕۆیشتە دەرەوە. ناوبراو دواتر بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕایەوە ئێران.
ئەو هاووڵاتییە ساڵی ۱۳۹۷، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و دوای ئەوەی سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا بۆ زیندانی سەقز گواسترایەوە. ناوبراو لە ئاکامدا هاوینی ١٤٠٢ دوای تێپەڕکردنی تەواوی ماوەی دووەمین سزاکەی لە زیندان ئازاد بوو.