فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دژەشۆڕشی ئیسلامی چۆن بە دەسەڵات گەیشت؛ بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (بەشی ١)
شەممە ۲۱-۱۱-۱۴۰۲   |  10-02-2024

له‌ سه‌روبه‌ندی ساڵوه‌گه‌ڕی ڕاپه‌ڕینی ٢٢ی ڕێبه‌ندان داین. ڕژیمی ئیسلامی بۆ که‌مڕه‌نگ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ له‌ ٢٢ی ڕێبه‌نداندا ڕوویان داوه‌، ڕۆژانی كۆتایی ته‌مه‌نی ڕژیمی پاشایه‌تیی كردبه‌ ١٠ ڕۆژ و ناوی “ده‌یه‌ی فه‌جر”ی له‌سه‌ر دانا. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ ڕۆژی ٢٢ی ڕێبه‌ندان ڕووی دا نه‌ ته‌نیا به‌رهه‌می فه‌رمانی خومه‌ینی و ڕه‌وتی ئیسلامی نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی ئه‌وان ڕووی دا.

له‌ماوه‌ی ئه‌و ده‌ ڕۆژه‌دا كه‌ ڕژیمی ئیسلامی له‌ژێرناوی ده‌یه‌ی فه‌جر جێژنی بۆ ده‌گرێت، به‌ شایه‌دیی به‌ڵگه‌ مێژووییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كان، خومه‌ینی به‌رده‌وام ‌ خه‌ڵكی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕین ده‌سڵه‌مانده‌وه‌ و هاواری په‌یڕه‌وانی كه‌ ده‌یانگوت “هێستا ئاغا فه‌رمانی جه‌هادی نه‌داوه‌” له‌ هه‌موو شوێنێك به‌رز ببۆوه‌. ته‌نیا كاتێك كه‌ سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕین بوو به‌ ئه‌مری واقع، هه‌وڵیان دا تا بیخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵك كه‌ هه‌ستیان به‌ مه‌ترسیی زه‌وتكرانی شۆڕش كردبوو، بایه‌خیان به‌م قسانه‌ نه‌ده‌دا و به‌مجۆره‌ هێرش بۆسه‌ر ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌ لایه‌نگرانی خومه‌ینی ده‌یانویست ده‌ستنه‌خواردوو ته‌حویلی وه‌ربگرن، ده‌ستی پێكرد. ڕاپه‌ڕینی ٢٢ی ڕێبه‌ندان كه‌ لووتكه‌ی شۆڕشی ٥٧ بوو، بابه‌تی سه‌ركوتی شۆڕشی بۆ ڕژیمی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له‌ ساڵانی دواییدا دژوارتر كرده‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ سه‌ره‌نجام ئه‌ركی سه‌ركوتی شۆڕش كه‌ ڕژیمی شا نه‌یتوانیبوو به‌سه‌ره‌نجامی بگه‌یه‌نێت، ڕژیمی ئیسلامی له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی ٦٠دا كۆتایی پێهێنا.

له‌ ساڵی ١٣٥٧دا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ ئێران به‌ هیوای گه‌یشتن به‌ ئازادی و وه‌دی هاتنی ژیانێكی باشتر و ئینسانی دژبه‌ ڕژیمی شا ڕاپه‌ڕیبوون و شه‌پۆله‌كانی شۆڕش له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا سه‌رتاسه‌ری ئێرانی داگرت. له‌ ماوه‌ی مانگه‌كانی پاییزی هه‌مان ساڵدا بوو كه‌ بێتوانایی ڕژیمی شا له‌ كۆنتڕۆڵ كردنی باروودۆخه‌كه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی ڕوون ببۆوه‌. ئه‌وان دواى تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى راپۆرتی ڕۆژانه‌ی باڵوێزه‌كانى ئه‌مریكا و ئینگلیس كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ راسته‌وخۆ چاو‌دێرى باروودۆخه‌كه‌یان ده‌كرد، به‌وه‌ گه‌یشتن كه‌ چیتر پشتیوانی له‌ شا سوودبه‌خش نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ باروودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خاڵێكى بێگه‌ڕانه‌وه‌ ببات و هه‌ر وه‌ك ئه‌فغانستان، ئێرانیش بكه‌وێته‌ داوێنى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ته‌وه‌.

ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هاپه‌یمانانی ڕۆژئاوایی به‌ توانای نه‌ته‌وه‌خوازه‌ لیبڕاڵه‌كان كه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمی شادا بوون، بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی باروودۆخه‌كه‌ متمانه‌یان نه‌بوو. ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كانی ڕۆژاوا، پێویستیان به‌ سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌كی نوێ بوو له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی پشتێنی ئه‌منییه‌تییه‌ك كه‌ پێشتر به‌ده‌وری شۆره‌ویدا درووستیان كردبوو. ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا هه‌ر له‌ زووه‌وه‌، به‌له‌به‌رچاوگرتنی بواری ماددى و بیر و بۆچوونه‌كانى ره‌وتى ئیسلامى ئوپۆزسیۆنى شا، توانا و لێهاتوویی گونجاوی ئه‌و ڕه‌وته‌ی بۆ بوون به‌ قه‌ڵایه‌كی دژه‌ كۆمۆنیستی ده‌بینی. هه‌ر بۆیه‌ راوێژكاره‌ ئه‌مریكاییه‌كانى شا و ده‌ربار به‌ به‌رده‌وامى، “شا”یان به‌ گرتنه‌به‌رى رێوشوێن و هه‌ڵسووكه‌وتى نه‌رم ونیانتر له‌ به‌رامبه‌ر رێبه‌رانى ئه‌م ره‌وته هان ده‌دا و هه‌ڵبه‌ت “شا”ش ڕێنوێنیه‌كانی ئه‌وانی ڕه‌چاو ده‌كرد.

بۆ نموونه‌ له‌ حاڵێكدا كه‌ كتێبه‌كانى عه‌لى شه‌ریعه‌تى به‌ هه‌زاران نوسخه‌‌ چاپ و به‌ ئاشكرا بڵاو ده‌كرانه‌وه‌ و ناوه‌ندى فه‌رهه‌نگى حوسه‌ینیه‌ى ئیرشاد له‌ تاران به‌ ئیمكاناتێكى فراوان و چاپخانه‌ى پێشكه‌وتووه‌وه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌و و هاوفیكره‌كانیدا بوو و هه‌روه‌ها گۆڤارى مه‌كته‌بى ئیسلام له‌ شارى قۆم به‌ ئاشكرا چاپ و بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، هه‌ڵسووڕاوانی چه‌پ ته‌نها به‌ هۆى هه‌بوونی نامیلكه‌یه‌كی ماركسیستی ده‌بوایه‌ ساڵانێك حه‌بس و زیندانیی درێژماوه‌یان ته‌حه‌مول كردبایه‌.

به‌ درێژایی شه‌ڕى سارد، هه‌روه‌ك سه‌رده‌می ئێستا، ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا وه‌ك سیاسه‌تێكى دیاریكراو، نه‌ ته‌نیا ده‌وڵه‌ته‌كانى هاوپه‌یمانى خۆى له‌ رووخان و هه‌ره‌سهێنان ده‌پاراست، به‌ڵكوو له‌ هه‌مان حاڵدا ده‌یویست نیونیگایه‌كیشی به‌ ئوپۆزیسیۆنى ئه‌و رژیمانه‌وه‌ بێت و هاوپه‌یمانانى داهاتووى خۆى، له‌ ناویاندا بدۆزێته‌وه‌ و ده‌ست نیشانیان بكات. چه‌ندین به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گر به‌ ده‌سته‌وه‌ن كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن، ئه‌مریكا له‌ رێگاى جۆراجۆره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سانى ناو ئوپۆزیسیۆنى ئێران په‌یوه‌ندیی هه‌بووه‌ كه‌ دواتر له‌ حكوومه‌تى نوێی ئیسلامیدا ئه‌و كه‌سانه‌ پۆست و مه‌قامى گرینگیان وه‌رگرتووه‌. بۆ نموونه‌ پاش چوونى خومه‌ینى بۆ پاریس، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كرد و هێندێك قه‌رار و به‌ڵێنیان له‌ یه‌كتر وه‌رگرت. سه‌ره‌نج و بایه‌خ دان به‌ توانای ڕه‌وتی ئیسلامی وه‌ك سه‌نگه‌رێك له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت ته‌نیا تایبه‌ت به‌ ئێران نه‌بوو. بۆ نموونه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا پاش ڕووخانی ده‌وڵه‌تی “زاهیرشا” له‌ ئه‌فغانستان، وه‌ها سیاسه‌تێكی گرته‌به‌ر و حیسابی له‌سه‌ر نه‌یارانی ئیسلامیی ڕژیمی كابۆل كرده‌وه‌. لافاوی پاره‌ و چه‌كی ئه‌مریكایی له‌ ڕێگه‌ی پاكستانه‌وه‌، حه‌ره‌كه‌تی ئیسلامیی له‌ ئه‌فغانستان به‌هێز كرد و سه‌ره‌نجام به‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌یاند و تاڵه‌بان و ئه‌لقاعیده‌ی ئه‌مڕۆ منداڵانی یاخی و سه‌ركێشی هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ن. سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش هه‌م ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هه‌م هاوپه‌یمانانی ڕۆژاوایی به‌وه‌ گه‌یشتبوون كه‌ رژیمی ئیسلامى بۆ سه‌نگه‌رگرتن له‌ به‌رامبه‌ر نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا، گه‌لێك پۆتانسیه‌لی به‌رچاو و سه‌ره‌نجڕاكێشى هه‌یه‌.

له‌ وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ ئۆرووپایه‌كانى له‌ كۆنفرانسى (گوادولۆپ)دا رژیمى شا و داهاتووی ئێرانیان تاوتوێ كرد. ئه‌وان له‌ لایه‌كه‌وه‌ تێكڕا به‌وه‌ گه‌یشتن كه‌ چیتر پێویست ناكات پشتگیرى رژیمى شا و ده‌ربار بكه‌ن و له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ بڕیاریاندا پێداویستییه‌كانى كۆنتڕۆڵی شۆڕش، بۆ ره‌وتى ئیسلامى دابین بكه‌ن. له‌ راستیدا كۆنفرانسى “گوادولۆپ” چاره‌نووسى رژیمى شاى ده‌ستنیشان كرد و هه‌وڵ و چالاكییه‌كانى وڵاته‌ رۆژاواییه‌كانى بۆ دانانى خومه‌ینى له‌ جیاتی شا، ها‌وئاهه‌نگ كرد. پاش ئه‌و بڕیار و رێكه‌وتنانه‌، ئه‌رته‌ش رایگه‌یاند كه‌، بێلایه‌نه‌ و ماشێنی ته‌بلیغاتی ڕۆژئاوا به‌قازانجی ره‌وتى ئیسلامی كه‌وتنه‌ كار. ئه‌وان له‌و كاته‌دا به‌ باشى ده‌یانزانى كه‌ ده‌وڵه‌تى “شاپوورى به‌ختییار” توانایى كونترۆڵى شۆڕش و به‌رگرى له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رۆژاواى، له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسى نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا نییه‌. ده‌وڵه‌تى به‌ختیار وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یرى ده‌كرا تا له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌ودا مه‌جالى ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى ئیسلامی به‌ ڕێكه‌وتن بگه‌ن.

ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا نیگه‌رانى ئه‌وه‌ بوون كه‌ ده‌خاڵه‌تگه‌ریی چاوه‌ڕوان نه‌كراوى ئه‌رته‌ش باروودۆخه‌كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ به‌رێته‌ ده‌ر و ئێران تووشی ناسه‌قامگیرییه‌كی دێژماوه‌ بكات. له‌ روانگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ها باروودۆخێك، سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران بكه‌وێته‌ داوێنى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ته‌وه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا بوو كه‌ “هایزێر” وه‌ك ژێنێڕاڵێكی به‌ئه‌زموون كه‌ نفووزێكی زۆری له‌ناو فه‌رمانده‌ باڵاكانی ئه‌رته‌شی شادا هه‌بوو و له‌ هه‌مان حاڵیشدا سیاسه‌تمه‌دارێكی كارامه‌ بوو، به‌ ئامانجی ڕێگریی ئه‌رته‌ش له‌ هه‌رجۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كی كودتاچییانه‌‌ و بۆ ئاماده‌كردنی ڕێگای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خومه‌ینی ڕه‌وانه‌ی ئێران كرا. مه‌سه‌له‌ی ئه‌ساسی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌رته‌ش ده‌بوایه‌ ڕێگای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئیسلامییه‌كانی خۆش كردبایه‌ تا ئه‌وانیش بتوانن له‌ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌، شه‌پۆله‌ سه‌ركه‌شه‌كانی شۆڕش كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.

وتەی ڕۆژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv