فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەرکرانی پەریسا وریانی لە خوێندنگای هونەرە جوانەکانی سنە
دوشەممە ۰۳-۰۷-۱۴۰۲   |  25-09-2023

لە درێژەی شەپۆلی دەرکردنی مامۆستایان لە ناوەندە پەروەردەیییەکان، “پەریسا وریانی” بەرپرسی خوێندنگای هونەرە جوانەکانی سنە، لەسەر کار دەرکرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پەریسا وریانی بە هۆی پاڵپشتی لە خوێندکاران لە بەرانبەر هێزەکانی ڕژیم لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە کارەکەی دەرکراوە. لەسەرکار دەرکردنی ئەم مامۆستایە، لە درێژەی ئەو ڕەوتەیە کە مامۆستایانی ڕەخنەگر دژ بەئەمنییەتی کردنی ناوەندە پەروەردەیییەکان لە سەرانسەری ئێران وەستانەوە، ئەمنییەتی کردنی خوێندنگاکان لە سەرەتای شۆڕشی ژینا و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەیییەکان دەستی پێکردووە. ماوەیەک پێشتر، لیژنەی سەرپێچی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، حوکمی خانەنشین کردنی زۆرەملێی بۆ مامۆستای فیزیکی قوتابخانەی سەقز بە ناوی شیلان یووسفی دەرکردبوو. هەروەها شیوا عامڵی ڕاد ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان دوای ئەوەی بە بێ حیجابی زۆرەملێ لە ڕێوڕەسمێکی نێودەوڵەتی بەشداری کرد، بە فەرمانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە کارەکەی دەرکرا. جێگای ئاماژەیه، لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی و لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا، لانیکەم ١١٠ خوێندکار و هەروەها ٤٧ مامۆستا لە شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ١٧ مامۆستا حوکمی بەندکران و شەلاقیان بەسەردا سەپێندراوە.