هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “حەسەن مەردانی”، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ئەمشارەوە، بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
دادگای تاوانەکان ئەم هاووڵاتییەی بە “ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” تۆمەتبار کردووە و ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. حەسەن مەردانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر، پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێەوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو. شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو. حەسەن مەردانی، شەوی پێنجشەممە ١٩ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.