ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانبار، سادق مەحموودنژاد، خەڵکی گوندی “جەران”ی سەر بە شاری پیرانشار، کە خێزاندار و باوکی منداڵێکە، دوای بانگکران لەلایەن لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای ئەو شارە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە. سادق موحموودنژاد، پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” و “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو خۆپێشاندەرە بریندارە پێشتریش، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە تۆمەتی “تێکدانی ئەمنیەتی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان” سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا کە ئەم سزایە دواتر گۆڕدرا بۆ پێبژاردنی بڕی ٨ میلیۆن تمەن. سەرەڕای ئەوەیکە سادق موحموودنژاد، بە چەند قۆناغ لە نەخۆشخانەکانی خومەینی، ورمی، فارابی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام ٢٠٪ بینایی چاوی چەپی لەدەست داوە. ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو. شایانی باسە کە سادق مەحموودنژاد، شەوی ٣٠ی خەرمانانی پارەکە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەلکی پیرانشار لە گۆڕەپانی “مامۆستا هەژار”ی ئەو شارە لەلایەن هیزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە چاوی بریندار بوو.