ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەر، میلاد مروەتی، محەممەد ئەمینی (هاوڕێ تەورە)، ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، چوار لاوی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەو شارە دەستبەسەرکراون. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە بارودۆخیان هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. هەروەها، میلاد مروەتی و محەممەد ئەمینی کە خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی زانکۆی کوردستان لە سنەیە، دوای نزیک دە کاتژمێر دەستبەسەربوونی کاتی و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە ئازادکراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار کەسە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.