فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی سپای پاسداران لە پیرۆ
یەکشەممە ۲۰-۱۲-۱۴۰۲   |  10-03-2024

کاربەدەستانی وڵاتی پیرۆ، بە ڕاگەیاندنی وردەکاری نوێ سەبارەت بە دەستگیرکردنی کەسێکی ئێرانی لەم وڵاتە، ڕایانگەیاند: “مەجید عەزیزی” یەکێک لە “هێزەکانی قودسی سپای پاسداران” بەنیاز بووە لەگەڵ دوو هاوکاری تری هێرش بکاتە سەر هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لەم وڵاتەدا.
وەزارەتی ناوخۆی پیرۆ، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەممە بڵاویکردەوە، مەجید عەزیزی، تەمەن ٥٦ساڵە و یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران ناساند. ناوبراو وێڕای یەکێک لە هاوکارەکانی بە ناوی “واڵتەڕ ئەسڤاڵدوو لیناڕس سولانۆ” ڕۆژی پێنج‌شەممە لە ناوەندێکی کڕین لە شاری لیما دەستبەسەرکراو و دوای ئەو، هاوکارێکی دیکەشیان بە ناوی “لوئیس فیلومنۆ لوجا ڤاسکێز” دەستگیرکرا.
ئۆسکار ئاریۆلا بەرپرسی پۆلیسی پیرۆ، لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە مەجید عەزیزی پلانی هەبووە لە کۆبوونەوەی ئاپێکدا ئیسرائیلییەک بکاتە ئامانج. بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا، کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریایی (ئاپێک) لە وڵاتی پیرۆ بەڕێوەبچێت.ناوبراو وتی: “ناچار بووین بە خێرایی کار بکەین، چونکە بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای پێکهێنانی باندێکی تیرۆریستی بۆ لەناوبردنی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کە بڕیار بوو بەشداری لە ئاپێکدا بکات، بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، مەجید عەزیزی لە ڕێگەی هاوسەرەکەیەوە ڕەگەزنامەی پیرۆی وەرگرتبوو. هەروەها بەرپرسی پۆلیسی پیرۆ ڕایگەیاندووە، هاودەستی سێیەم کە بە ئەنجامدەری سەرەکی هێرشەکە دانرابوو، ناوی “ئەنجێلۆ فیلیپی ترۆسیۆس لیۆن”ە و هەوڵەکانی دەستگیرکردنی ناوبراو کە ئێستا لە هەڵاتندایە، بەردەوامن.