دەستبەسەرکردنی دوو برای خەڵکی شاری سنە
سێشەممە ۲۸-۰۶-۱۴۰۲   |  19-09-2023
هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو برای خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی خەبات دێهدار و ڕامیار دێهدار و دوای ئەوەی دەستبەسەر کراون، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە. ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەرمانان، خەبات و ڕامیار دێهدار، دوو برای خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی دێهدار ئەو دوو برایەیان بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕێزانە دەستبەسەر کردووە و هاوکات دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیشیاندا گرتووە. خەبات دێهدار جارێکی دیکە لە ٢٨ی ڕەزبەری سالی رابردوو و لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد بوو.