دوو هاووڵاتی خەڵکی ناوچەی شامات لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، هەمزە حەسەنمەلا و کەماڵ گوڵابیئازەر، دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی “جەعفەرئاباد”ـی ناوچەی شاماتی سەربە شاری میاندواو، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە گوندی جەعفەرئاباد بنکەیان هەیە، بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکە و خەڵکەکەش ڕوبەڕوویان بوونەتەوە و پاش دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر، لە گوندەکە دەرکراون، بەڵام دواتر ژمارەیەکی دیکەی هێزی سەرکوتگەر بە جلی مەدەنییەوە چوونەتەوە نێو گوندەکە و هێندێک ماڵیان پشکنیوە و لە کۆتاییدا ئەو دوو هاووڵاتییەشیان دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان و هەروەها چارەنووسیان لە بەدەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتیەیان نەداوەتەوە.