دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز
سێشەممە ۲۱-۰۶-۱۴۰۲   |  12-09-2023
هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی هاووڵاتییەک بە ناوی ئومید موقەدەس دەستبەسەریان کردووە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چەند ئۆتۆمبێل و بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردووە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئومید موقەدەس لە بەردەستدا نییە.