هاووڵاتییەک بە ناوی پشتیوان ئەفسەر و خەڵکی شاری مەریوان، چوار مانگ پێش و خوشکەکەی بە ناوی ئەسرین ئەفسەر، ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکانی نزیک لە بنەماڵەی ئەفسەر، پشتیوان ئەفسەر چوار مانگ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە گواستراوەتەوە. هەروەها ئەسرین ئەفسەر زیاتر لە ٢٨ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە. ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەسرین ئەفسەر لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و تەنیا یەک جار لە پەیوەندی تەلەفۆنی کورتدا بنەماڵەکەی ئاگادار کراوەتەوە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها پشتیوان ئەفسەر کە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران (بارەگای شەهرەمفەر) لە شاری سنە ڕاگیراوە، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە.