بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی
ڕێبەندان، خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و هاووڵاتیی دانیشتووی شاری مەشهەد، دوای ئەوەی کە لە لایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی وەکیل ئاباد کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری مەشهەدەوە سزای ساڵێک بەندکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی، دوو ساڵ قەدەغە کردنی چوونە دەرەوەی لە ئێران، دوو ساڵ قەدەغە کردنی کاری پارێزەری و هەروەها دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپاوە. شایانی باسە کە خەسرەو عەلیکوردی لە ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، دوای بانگکردن و سەردانی لقی ٩٠١ی داواکاریی گشتی و شۆڕشی مەشهەد، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی وەکیل ئاباد کراوە و لە ڕۆژی ١٤ی پووشەڕدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد بووە. هەروەها پێشتریش لە بەشێکی دۆسیەکەیدا بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە” لە لایەن لقی ٣ی دادگای تاوانەکان لە شاری مەشهەد، سزای پێبژاردنی بڕی ٢١ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندراوە.