دوو تازەلاوی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی “مەتین ڕازیان”، خەڵکی شاری سەقز و “نەوید مستەفازادە”، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم دوو شارە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەنەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ٨ی ڕەشەممە، مەتین ڕازیان، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەممە، منداڵێکی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی نەوید مستەفازادە و خەڵکی گوندی داشبەند سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لە بنەماڵەی ڕازیان، مەتین لە کاتی گەڕانەوە لە بنکەی وەرزشیی نزیک ماڵەکەی خۆیان کە دەکەوێتە گەڕەکی ساڵحاوای سەقز، دەستبەسەر کراوە. ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو منداڵە قوتابییە و جگە لە وەرزش و خوێندن، بۆ هاوکاریی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەیان ناچار بووە ڕوو بکاتەوە کۆڵبەریش. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو دوو تازەلاوە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و هەروەها شوێنی ڕاگیریانیان لە بەردەستدا نییە.