ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، دوو خوشکی خوێندکاری خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی “زریان مۆلایی” و “زیلان مۆلایی” کە دوانە و تەمەن ٢١ ساڵن، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو خوشکە و لە کەشێکی تۆقێنەردا ئەو دوو خوێندکارەیان دەستبەسەرکردووە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زریان مۆلایی خوێندکاری تێرمی یەکی کارناسی ئەندازیاری تەلارسازی و خوشکەکەی، زیلان مۆلایی، خوێندکاری تێرمی دووی کارناسی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی پیشەیی شاری سنە، لە ماڵەکەیاندا، هەڵکەوتوو لە کەمەربەندی ١٧ی «شەهریوەر» ی شاری سنە دەستبەسەرکراون. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم دوو خوشکە لەبەردەستدا نییە.