دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە
دوشەممە ۱۸-۰۲-۱۴۰۲   |  08-05-2023
دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی “پەیمان ئەحمەدیان” و “مەنووچێهر ڕەزایی”، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی مانگی گوڵان، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی پەیمان ئەحمەدیان و مەنووچێهر ڕەزایی، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی “کەڵکان”ی سەر بە شاری دیواندەرە و دانیشتووی خودی دیواندەرە بوون، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە، هەروەها لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.