بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گوڵان، “کەیوان ڕەحیمی” لەگەڵ براکەی “کامران ڕەحیمی”، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز دەستبەسەر کران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کامران ڕەحیمی نزیک سێ کاتژمێر دوای دەستبەسەرکران، ئازاد کراوە بەڵام زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی کەیوان ڕەحیمی لەبەر دەستدا نییە و بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەری گواستنەوەی ناوبراو بۆ دەستبەسەرگەی سنە لە ئارادایە. جێگای ئاماژەیە، کەیوان ڕەحیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢، دوای پێداگری کردنی ناوبراو لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی و داوای کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە کەناڵی تێلێگرامی “پرسمان سقز” کە خۆی یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانییەتی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.