ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، “سولەیمان سالک” تەمەن ٧٣ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی مەهاباد، دوای بانگکران بۆ خانەی دادی گشتی و شۆڕشی مەهاباد، دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو پێشتر لە مانگی گوڵانی ئەمساڵ، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە نەیارەکانی ڕژیم” و “هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک” حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ئەندامێتی لەو حیزبە حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە دوای داوای پێداچونەوە بە ڕای دادگا لە لایەن ئەو هاووڵاتییە و بە جێبەجێکردنی ماددەی ٤٤٢ی یاسای دادگاییکردنی تاوانەکان، بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران گۆڕدرا. جێگای ئاماژەیه، سولەیمان سالک، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. ناوبراو دوای یەک مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.