بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار، “ئەمیر ڕاهەپەیکەر”، تەمەن ٢٢ ساڵ و خوێندکاری ئەندازیاریی کیمیا لە زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمیر ڕاهەپەیکەر دوای دەستبەسەر کرانی گوازتراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان و تا ئێستا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا پێشتریش لانیکەم دوو خوێندکاری دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر کراون. ناوی ئەو دوو خوێندکارەکەی دیکە بە ناوەکانی “سورنا عەلیپوور”، خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هورموزگان و “مێهدی سەعادەتی”، خوێندکاری قۆناغی کۆتاییی دەرمانسازی لە زانکۆی “سدووق”ی زانستە پزیشکییەکانی یەزد، ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارانە لە لایەن ناوەندی پاراستنی زانکۆکانیانەوە، بۆ ماوەیەکی ناڕوون و نادیار، ئامادەبوونیان لە پۆلەکانی خوێندنی کۆلێژەکانیان و بەشدارییان لە وانەکان قەدەغە کراوە.