فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کردنی هوشیار شەعبانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە بانە
هەینی ۲۴-۰۹-۱۴۰۲   |  15-12-2023

دوابەدوای بانگهێشتکرانی هوشیار شەعبانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە و چەندین جار هێرشکردنە سەر ماڵی ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٢ بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی، هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو، بەمەبەستی دەستبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و بەڵێننامەیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، ٩ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە و بە زۆر بەڵێننامەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی هوشیار وەرگرتووە و داوای ڕادەستکردنی هوشیاریان کردووە. شایانی باسە، دوابەدوای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان لە بانە ڕۆژی ١٣ی خەرمانان، هێرش دەکەنە سەر ماڵی ناوبراو، بەڵام ناتوانن دەستبەسەری بکەن؛ بۆیە دۆسییەی بۆ ساز دەکرێت و کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە مەبەستی بەرگری لە خۆی، بانگهێشتی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە دەکرێت. ئەم هاووڵاتییە، لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لایەن دادگای ئینقلابی سەقزەوە جێگیر لە شاری بانە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. دادگا هەشت مانگ سزای زیندانی کردنی ئەم هاووڵاتییەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسارد و قەراری هەڵپەساردنی ٨ مانگ لە سزاکەی بە شێوەیەک ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو لەو ماوەیەدا ئەرکدار بکرێ بەوەی کە بەشێوەی دەورەیی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بناسێنێ و بەڵگەی پێویستیش بۆ یەکەی بەڕێوەبردنی سزای کەیفەریی ئەو شوێنە بباتەوە کە حوکمەکەی تێدا دەرکراوە. هوشیار شەعبانی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا بەهۆی خوێنڕێژیی مەعدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی ڕاگوێزرابوو. هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماوەی ٨٤ ڕۆژ ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لە ژووری تاکەکەسی، بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجەیان کردبوو و بەم هۆیەوە دوو جار تووشی خوێنڕێژیی مەعدە ببووە. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا، لە دەستپێڕاگیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
جێگای ئاماژەیە، هوشیار شەعبانی، لە ساڵەکانی ٩٦، ٩٧ و ٩٨یش بە هۆی چالاکیی مەدەنی وەکوو ڕێکخستنی کەمپەینی پشتیوانی لە کۆڵبەران و مانگرتنی بازاڕیان و کسبکاران، دەستبەسەر و زیندانی کرابوو.