سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی، لاوی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، کە سەرەتاکانی مانگی پێشوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ورمێ دەستبەسەرکرابوو بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، “سەیاد دەروێشی” ماوەی یەک مانگ و نیوە دەستبەسەر کراوە و لە هەر چەشنە مافێکی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش کراوە و تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنیی کورتماوەی بووە و ڕایگەیاندووە بۆ زیندانی تەورێز گواستراوەتەوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سەیاد دەروێشی و هەروەها بارودۆخی ڕاگرتنی، زانیارییەکی تازە لەبەر دەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، بنەماڵەی دادخوازی “فەرجاد دەروێشی”، مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی گیانبەختکردنی کوڕەکەیان، هەڕەشەیان لێکرابوو و لە ئاکامدا لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لەو لاوە گیانبەختکردووە لەسەر گڵکۆکەی، ڕێگری کرابوو. هەروەها جارێک پێشتریش واتە ساڵی ڕابردوو، بۆ وەرگرتنی دیە و پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەیان، گوشاریان خرابووە سەر.