فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

رزگاری ژنان ئەرکی چینی کرێکارە
دوشەممە ۲۲-۰۱-۱۴۰۱   |  11-04-2022

لەرێکەوتی ٣١ی مانگی خاکەلێوەدا ژوومارەیەک لەو ژنانەی لەسینەمای ئێران کاردەکەن، راگەیاندنێکی دیکەیان بڵاوکردەوە. ئەو ژنانە لەو راگەیاندنەدا جارێکی تر کێشەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و لێدان و ئازاریان لەناو کۆمەڵگای ئێران هێنایە گۆڕێ. ئەو ژنانە بەشێوەی کۆنکرێت لەسەر دەستدرێژی و ئازاری ژنان لەسینەماکانی ئێران قامکیان دانا. لەو راگەیاندنەدا هاتووە: “لەچەند مانگی رابردوودا ژنان بەشێوەی جۆاوجۆر چیرۆکی ئازار و دەمکوتیان لەسینەمای ئێران باس کردووە. ئەم ژنانە بەهیمەتی خۆیان بەبزووتنەوەی بەگژداچوونەوەی تووندوتیژی رەگەزی لەدژی ژنان پەیوەست بوون. ئەم راپۆڕتانە باس لەوە دەکەن کە لەسینەمای ئێراندا هەر کەسێکی خاوەن دەسەڵات، بەسوودوەرگرتن لە پلەو پایەی خۆی دەست دەداتە هەڕەشە، سووکایەتی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، بەبێ ئەوەی وەڵامدەرەوەی ناوەندەکانی یاسادانەر و بەڕێوەبەری یاسا لەئێران، خانەی سینەما، سینەماکارەکان و رەخنەگران بنەوە.

لەدرێژەی ئەم راگەیاندنەدا هاتووە: 

“ئێمە، وەکوو ژنانێک کە لەسینەمای ئێران کار دەکەین، لەمرێگەیەوە هاوپشتی خۆمان لەگەڵ ژنانی قوبانی تووندوتیژی لەسینەمای ئێران دەردەبڕین، هەرچەشنە تووندوتیژی، ئازار باجگرتنێکی رەگەزی لەشوێنی کار ئیدانە دەکەین و داوای بەدواداچوونەوەی یاسایی جیدی بەڕێوەبەرانی ئەو تاوانە دەکەین. لەهەمان کاتدا نایەکسانییەکی رەگەزی مەحکوم دەکەین کە ئەمڕۆکە بەسەر سینەمای ئێراندا زاڵە. هەروەها ئەوەش ئیدانە دەکەین کە ئەمڕۆکە لەم پیشەسازییەدا هیچ چەشنە چاودێرییەک بەسەر کرداردی خاوەنانی دەسەڵاتدا نییە. ئێمە لەم رێگەیەوە کۆمەڵگای سینەمای ئێران لەسەر پەرەسەندنی ئەو ئازارانە ئاگادار دەکەینەوە. سەرەڕای ئەوەیکە ئەم ئازارانە لەکەس شاراوە نییە، دەمێکە پشتگوێ دەخرێ.”

لەو چیرۆکانەی لەسەر تەجرەبەی دڵتەزێنی قوربانیانی تووندوتیژی و ئازاری رەگەزی لەشوێنی کار لەسینەمای ئێران بڵاوبووەتەوە، هەموو جۆرە تووندوتیژییەکی رەگەزی تێدا بەدی دەکرێ: لە بێ حورمەتی پێکردن بەشێوەی سێکسیستی، سوودوەرگرتن لەبێ دەنگی و تەحەمولی تەکەکان لەرێگەی بەبارمتەگرتنی حەقدەستەکانیان، سەپاندنی تووندوتیژی رەگەزی لەرێگەی هەڕەشەی لەسەر کاردەرکردنی قوربانیەکانەوە بگرە هەتا دەست بۆ بردنی نەخوازراو، پێداگری کردن لەسەر هەبوونی پەیوەندی جینسی و لەکۆتایی تووندوتیژی جەستیی و جینسی لەناو ئەو بابەتانەدا بەدی دەکرێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیاندنە لەچەند لایەنەوە جێگای تێڕامانە. یەکەم، قسەکردن لەسەر ئازار و دەستدرێژی جینسی لەلایەن ژنانەوە، تەنانەت ئەگەریش ناوبانگێکیان هەبێت، کارێکی ئەستەمە، ئەویش لەکۆمەڵگایەکدا کە بۆ ماوەی چوار دەیەی رەبەقە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە کە بەشێوەی جۆاروجۆر سیستماتیک هەوڵ دەدات کولتوری دژە ژن و ئایینی بچەسپێنێ. رووی ئەم راگەیاندنە تەنانەت لەو پیاوانەش نییە کە لەسینەمای ئێران دا کار دەکەن و دەست بۆ دەستدرێژی و ئازار و ئەزیەتی ژنان دەدەن. ئەم راگەیاندنە لەپلەی یەکەمدا سیستەمێکی ئایینی و تێکنۆکرات دەباتە ژێر پرسیارەوە کە وکوو ئامرازی تێرکردنی پیاو و کۆمەڵگا چاو لەژن دەکات. ئەم راگەیاندنە بێجگە لەئاماژە بەسیستماتیک بوونی ئەم تووندوتیژیانە قامکی لەسەر پشتیوانی و دەوری دەسەڵات لەسەر دووبارەبوونەوەی ئەم تووندوتیژییانە دەکات: 

“لەلایەکەوە ئەم چیرۆکانە باس لەبرینێکی دەروونی هاوبەشی ژنان دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە بەروونی سیستماتیک بوونی ئەم تووندوتیژییانە نیشان دەدات. ئەوە بەو مانایەیە کە نە تەنیا دەسەڵات هیچ رێگاچارەیەکی بۆ بەرگرتن لەکەسانی خاوەن دەسەڵات لەبەڕێوەبردنی تووندوتیژی لەدژی ژنان نییە، بەڵکوو بەشێوەی دوفاکتۆ تووندوتیژی لەدژی ژنان لەشوێنی کار ئاسایی کراوەتەوەو بەڕێوەبەرانی ئەو تاوانانە وەکوو بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، لەبەر ئەوەی هیچ بەدواداچوونێکی یاسایی نایانگرێتەوە. هەر بەم بۆنەشەوە بەڕێوەبەرانی ئەم تاوانانە کە لەرێگەی لایەنگرەکانیانەوە ناو و ناوبانگێکیان بۆ خۆیان بەدەستهێناوە بەبێ ترس دەست بۆ ئەم تاوانانە دەدەن.”

بەڵام ئەم راگەیاندنە لەچەند بابەتی دیکەشەوە جێگای تێڕامانە، ئەویش ئەو کاتەیە کە کێشەی چینە کۆمەڵایەتییەکان و شێوەی خەبات و ئاڵتێرناتیو رزگاری ژنان دێتە گۆڕێ. نوخبەگەرایی ئەو کەسانەی ئەم راگەیاندنەیان واژۆ کردووە بەو شێوەیەی خوارەوە هاتووەتە گۆڕێ، کە دیعایەیان کردووە گۆیا لەرێگەی سەرمەشق بوون بۆ کۆمەڵگاو ژنان دەتوانن رێگای رزگاری بۆیان خۆش بکەن. لەو راگەیاندنەدا دەڵێن: 

“لەم رووەوە بەڕێوەبەرانی ئەو تاوانانە بەهۆی و ناوبانگیان لەلای لایەنگرەکانیان هیچ ترسێکیان لەم کردارەیان نییە. پێویستە ئەم هەست بەئەمنیەت کردنەش ئاگادارییەکی جیدی بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بێت، چوونکە زۆربەی ئەم هونەرمەندانە سەرمەشقی نەوەی داهاتوون.”

ئەم دەستەواژانە تەنیا بۆ بیروبۆچوونی و مێنتاڵیتایتی ژوومارەیەک ناگەڕێتەوە کە خۆیان بە سەرمەشقی کۆمەڵگا دەزانن. لەراستیدا ئەم بۆ بیروبۆچوونی چینێکی دەسەڵاتدارەوە دەگەڕێتەوە کە ژوومارەیەکی کەمیان مەجالیان بۆ رەخساوە دەست بەسەر ئەو کۆمەڵگایەو ئیمکاناتەکەی دابگرن. ئەوانە بۆ خۆیان لەپێشەوە خەڵک هەنگاو هەڵدەگرن و بەشێوەیەک لەشێوەکان خۆیان لەخەڵکی تر جیا دەکەنەوە. ئەم بەشە لەراگەیاندنەکە بەتەواوی لەگەڵ راستییەکانی کۆمەڵگای ئێران ناتەبایە. تا ئەو جێگای بۆ خەبات و مێژووی بزووتنەوەی ژنان چ لەکاتی دەسەڵاتی پاشایەتیدا و چ ئەمڕۆکەو لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە، ئەوە خەکی ئاسایی، یانێ چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و ژنانی وشیار و کومۆنیست بوون بۆ ساتێکیش لەم خەباتە دەستیان هەڵنەگرتووە. ئەو کاتەی ئەم سینەماکارانە پڕوپاگەندەیان بۆ خاتەمی یان رەنگی بەنەوش دەکرد یان ئەمڕۆکە هیوایان بۆ رۆژئاوا بەستووە، دەبووایە چاوێکیان لەنێو دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامیش بکردایە؟ کەسانێکی وەکوو سپیدە قێلیان و هەزاران ژنی کومۆنیست کە ئەمڕۆکە لەمەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا لەبەرانبەر حکومەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان بەختکردووە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ پێگەی چینایەتی ئەم جۆرە بیرکردنەوە نەبووەو نییە؟

ئەوەی لە ٨ی مارسەکان و یەکەمی مانگی مەیەکاندا لەسەر شەقامەکاندا کۆماری ئیسلامییان بردە ژێر پرسیار و رزگاری ژنانیان وەکوو ئەرکی چینی کرێکار هێنایە گۆڕێ، ژنانی چینی کرێکار و کومۆنیستەکان بوون. ژنانی سۆسیالیستی نێو بزووتنەوەی ژنان باش دەزانن کە ریشەی ئەم بارودۆخە کاتێک وشک دەبێت کە بواری مادی بۆ رزگاری ژنان لەژێردەستەیی و دووبارەبوونەوەی ئەم ستەم خۆشبکرێت. هەر هەنگاوێک بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی ژنان لەرێگەی دەستبردن بۆ خاوەندارێتی تاکەکەسییەوە مسۆگەر دەبێت. ئەوەش بەمانای ئەوەیە کەدەسەڵات لەدەسەڵاتدارانی پیاو زەوت بکرێت کە دەست بۆ ئەو کارە قیزەونە دەبەن. ئاشکرایە دەنگ هەڵبرینی ژنان بەهەر پێگەیەکی کۆمەڵگایەتەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان کۆمەڵگای پیاوسالار دەباتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ئەوە گشت کارەکە نییە. ئەو چینەی ئەرکی بەرەپێشبردنی خەبات لەدژی ریشەکێشکردنی ستەم لەسەر ژنانی لەئەستۆیە چینی کرێکارە. یەکەم، ئەوەیکە ژنانی کرێکار و چینی کرێکار زۆرینەی ژنانی ئەو کۆمەڵگایە پێکدێنن. بەم ئیعتبارەوە چینی کرێکار و کومۆنیست دەتوانن زۆرینەی ژنان بەو خەباتە پەیوەست بکەن.  دووهەم، چینی کرێکار بەهۆی جێگاو شوێنی لەپەیوەندییە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو زەرفیەتەی تێدایە کە خەباتی ژنان لەدژی کۆمەڵگای پیاوسالاری رێبەرایەتی بکات. سێهەم، رووخاندنی کۆمەڵگای سەرمایەداری تەنیا بەهێزی چینی کرێکار مسۆگەر دەکرێت و تەنیا چینی کرێکار هیچ قازانجێکی لەسەر ماننەوە چەوساندنەوەی ژنان نییە، بەم پێیەش دەتوانێت کۆتایی بەم بارودۆخە بێنێت.