دوای سەپێندرانی سزای سێدارە بەسەر ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، تەمەن ٣٤ ساڵ لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشان، گوشارەکان لەسەر بنەماڵە و کەسوکاری ئەم لاوە ناڕازییە لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە چڕتر بووەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دایکی ئەم زیندانییە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری ڕەزا ڕەسایی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیام و پەیوەندیی هەڕەشەئامێزیان لە ژمارەیەکی نادیارەوە بۆ نێردراوە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی زیاتری ئەم بنەماڵەیە بەتایبەت سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان.
ماوەیەک لەمەوبەر ڕەزا ڕەسایی لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشانەوە بە تۆمەتی کوشتنی نادر بایرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. نادر بایرامی ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەز، لە کاتی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی شاری سەحنە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی خەلیل عالینژاد کوژرا.
ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەز، ڕەزا ڕەسایی لە شاری کەرەج لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا. دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ناوبراو بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوا لە کرماشان گواسترایەوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە، ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار بێبەریکرابوو.